مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی: پەکەکە نەبێت دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت بێتە هەرێمی کوردستانەوە
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی ئاشکرای دەکات، بەهۆی بوونی پێگەی سەربازیی پەکەکە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، بیانوو دراوەتە تورکیا پەلاماری گوندەکانی هەرێمی کوردستان بدات، دەبێ پەکەکە بزانێت شوێنی ئەو باکووری کوردستانە، نەک باشوور.
لەمبارەوە د. کەیوان ئازاد ئەنوەر، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕی بواری مێژوو ڕاگەیاند: "تورکیا وەک دەوڵەتێک سەیری بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەکات، لەو ڕوانگەوە بوونی ئەو ھێزانەی کە نەیاری دەوڵەتەکەن بە ھێزێکی دژ بە خۆی دەزانێت، بۆیە پەرچەکرداری دەبێت بۆ ھەموو ئەو ھێزانەی کە دژایەتیی دەوڵەتەکەی دەکەن، ئایا ئەو ھێزانە ھێزی پارتیزانین، یان ھێزی دەوڵەتن".
گوتیشی: "ماوەی ٢٨ ساڵە ھەرێمی کوردستان، خاوەنی حکوومەتی خۆیەتی، ھەرچەندە ئێمە ھەرێمەکەمان ھاووسنورە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، بەڵام چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باشووری کوردستان پێگەی سەربازیی خۆیان ھەیە و ئەوەش پاساوی داوەتە دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی بەردەوام بەناوی لێدانی پەکەکەوە، گوندەکانی باشووری کوردستان بۆدوومان بکات".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر پەکەکە ئەزموونی ھەرێمی کوردستانی بوێت، ئایندەی کوردستانی بوێت، سەربەخۆیی کوردستانی بوێت، پێویستە کارێک بکات پاساو نەداتە دوژمنەکانی باشووری کوردستان، بۆ ئەوەی ھێرشی سەربازی بکاتە سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، بێگومان ئەگەر پەکەکە باشووری کوردستان بەکار بھێنێت بۆ لێدانی تورکیا، دواجار دەوڵەتی تورکیا بە مافی خۆی دەزانێت بۆ دوورخستنەوەی ئەو بەڵایە لە خۆی و باشووری کوردستان بۆردومان بکات، بۆیە ئەگەر پەکەکە کوردستانیانە بیر دەکاتەوە، پێویستە لە باشووری کوردستانەوە ھێرش نەکاتە سەر ھێزەکانی تورکیا و پێویستە پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوری کوردستانەوە ھێرش بکاتە سەر تورکیا، چونکە پەکەکە خەبات بۆ باکووری کوردستان دەکات، ئەگەر خەبات بۆ ھەموو کوردستان دەکات، لە باشووری کوردستان ھێزی دیکە ھەیە ئەو خەباتە دەکەن، پێویست ناکات پەکەکە بەدیلی پارتی یان یەکێتی بێت".
د. کەیوان ئازاد ئەنوەر، باسی لەوەش کرد: "پەکەکە باش دەزانێت ھەرێمی کوردستان، ھەرێمێکی سەربەخۆیە و سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەت و پەرلەمان و ھێزی پێشمەرگەی خۆی ھەیە و بەرگری لەخۆی دەکات، بۆیە پێویست ناکات پەکەکە لەڕووی سیاسییەوە خۆی بکات بە کەوا سوری بەرلەشکر و ببێتە بەدیلی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دواجار ئەگەر بەھۆی پەکەکەوە نەبێت، دەوڵەتی تورکیا نەھاتووە پەلاماری ھەرێمی کوردستان و یەکێتی و پارتی بدات، ئەو ھاتووە لە ھێزەکانی پەکەکە بدات، بەڵام لە ئەنجامی ئەو گەڕان و پشکنینە بۆ بنکەکانی پەکەکە دواجار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید دەبێت و گوندەکانمان خاپوور دەبن، بۆیە پەکەکە ھەڵەیەکی مێژوویی گەورە دەکات کاتێک باشووری کوردستان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار دەھێنێت، بۆیە پرسیارە مێژووییەکە ئەوەیە، شوێنی پەکەکە باکووری کوردستانە نەک باشووری کوردستان".
باسنيوز
