قوتابیەکی کورد بەشداری تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی بواری ناوه‌کی دەکات

قوتابیەکی کورد بەشداری تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی بواری ناوه‌کی دەکات
لە سەر ئاستی عێراق گەنجێکی کوردی دانیشتووی پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید بانگێشتی تاقیکردنەوەیەکی نێودەڵەتی بواری فیزیا و لێکۆڵینەوە لە بواری ناوکی"نه‌وه‌وی" كراوه‌ و بۆ ماوەی دوو مانگ بەشداری خول و تاقیکردنەوەکان دەکات.

ژیار حەسەن لە وڵاتی سویسرایە و تایبەت ، چۆنیەتی بانگێشتکردنی بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە و جۆری تاقیکردنەوەکە ئاشکرا کرد و گوتی: پرۆگرامەکە دوو بەشە، بەشی تیۆری کە لە چه‌ند وانه‌یه‌ك پێكدێت، هەروەها بەشی پراكتیكی کە لە چه‌ند پرۆجێکتێك پێكدێت و هەر قوتابیەك کار لە سەر پرۆجێکتێك دەکات.

ژیار گوتی: کارەکەی من لە سەر سیستمی چاودێری ئامێری "CMS"ـە، کە پێکدادانە ناوەکیەکان تۆمار دەکات و ئێمەش ڕێکخستن و چاودێری داتاکان دەکەین.

ژیار حەسەن لە بارەی چۆنیەتی ھەڵبژاردنەکەش ئاشكرایكرد: هەڵبژاردنی قوتابیەکان لە سەر بنەمای فۆڕمێك بوو، کە له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك سایت و په‌یجه‌ تایبه‌ته‌كانی ده‌رفه‌ته‌ جیهانییه‌كان بڵاوکرابووەوه‌، لەو فۆڕمەدا کۆمەڵێك پرسیار لە سەر زانیاری و توانا و لێهاتووی تێدابوو.

ئه‌و قوتابییه‌ كورده‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، لە کۆی ١٥٠٠ فۆڕم لە وڵاتانی نا ئەندام لە تاقیگەکانی سێرن، و هه‌روه‌ها ئەو فۆڕمانەی کە لەلایەن قوتابیانی وڵاتانی ئەندام لە سێرن پڕكرابوونه‌وه‌، ٣٠٠ قوتابی لە سەر ئاستی جیهان لە بوارەکانی فیزیا، زانستی کۆمپیوتەر "IT" و ئەندازیاری بۆ دوو کاتی جیاواز وەردەگیرێن.

لە بارەی ئەو بوارەی ژیار تاقیکردنەوەی تێدا دەکات گوتی: لە ڕاستیدا سێرن تایبەتە بە لێکۆڵینەوەی ناوەکی "یاخود نەوەوی"، کە جیاوازی زۆرە لەگەڵ ئەتۆم، بەڵام گرنگی لێکۆڵینەوە و پرۆجێکتەکانی سێرن لە ڕاستیدا زۆرن کە بەرهەمهێنانی وزەی ناوەکی و چەکی ناوەکی یەکێك نییە لەوانە.

سێرن لە ڕێی تاودەرە گەردیلەییەکانەوە و دواتر پێکداکێشانیان لە ناو دیتێکتەرەکاندا کار لە سەر ئەوە دەکات، وەڵامی پرسیارە نەزانراوەکانی فیزیا بداتەوە و تێگەیشتنێکی تەواوترمان بداتێ لە سەر دروست بوونی گەردوون و گەرد و خۆی. لێکۆڵینەوەکانی سێرن مرۆڤایەتیان زۆر بەرەو پێشتر بردووە، بۆ نموونە ئەو ئینتەرنێتەی بەکاری دێنین لە سێرن دروست کراوە، شاشەی زیرەك بۆ یەکەمجار لە سێرن دروست کراوە ... و زۆر شتی دیکە، گرنگیەکی دیکەی لە بواری بەکارهێنانە پزیشکیەکاندایە، کە ئێستا لە جیهاندا کار لە سەر تاودەری گەردیلەیی دەکرێت، بۆ بواری پزیشکی و چارەسەری شێرپەنجە.
Top