دەرمان بۆ كەمپەكانی پەنابەران دابین دەكرێت

	 دەرمان بۆ كەمپەكانی پەنابەران دابین دەكرێت
لە پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای LDSی ئەمەریكیدا دەرمان و پێداویستیی تەندروستی بۆ بنكەی تەندروستیی كەمپەكانی پەنابەران لە پارێزگای هەولێر دابین دەكرێت.



ئەمڕۆ، ڕێكەوتی 04/07/2019، لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەزگای LDS و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرمان و پێداویستیی تەندروستی پێشكەشی بنكەی تەندروستیی دارەشەكران كرا، كە ئەو بنكەیە لە لایەن فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای هەولێرەوە بەڕێوە دەچێت.



سەبارەت بە پڕۆژەكە، بەڕێز كێن ئاسای، نوێنەری دەزگای LDS گوتی: "ئێمە پەیوەندییەكی زۆرباشمان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیە و چەندین پڕۆژەی هاوبەش بەیەكەوە جێبەجێ دەكەین. ئەمڕۆش لێرەین هەتاكو دەرمان پێشكەشی پەنابەران لە كەمپی دارەشەكران بكەین و لە داهاتووشدا پڕۆژەكەمان بۆ كەمپەكانی باسرمە، كەورگۆسك و قوشتەپە بەردەوام دەبێت."



بەڕێز دكتۆر عەباس، سەرپەرشتیاری سێكتەری تەندروستیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆڵی دەزگای LDSی بەرز نرخاند و سەبارەت بە پڕۆژەكە گوتی: "پێداویستییە پزیشكییەكان پێك دێن لە داودەرمان و پێداویستیی تاقیگە و دەم و ددان و پێداویستیی مانگێكی بنكە تەندروستییەكان پڕ دەكەنەوە و بۆ ماوەی ساڵێك ئەم پڕۆژەیە بەردەوام دەبێت."



دەزگای LDS چەندین پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوە دەبات. لە ڕێگەی پڕۆژەی چاودێریی خاوەن پێداویستییەكانی تایبەتەوە ساڵانە ویلچەیر و عەكازە و ڕەوڕەوە و زۆر پێداویستیی دیكەی كەمئەندامان دابین دەكات.



kdp -
Top