سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات چوار خاڵی تایبەت بە شنگال جێبەجێ بکات
وەیس نایف، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال،گوتی: "سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی چوار خاڵیی لەبارەی شنگال ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و چاوەڕێ دەکەین حکوومەت ئەو چوار خاڵە جێبەجێ بکات، چونکە فشارێکی زۆری ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر حکوومەتی عێراق ھەیە، بۆ ئەوەی ئیدارەی شەرعی و ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ شنگال و ئەوانەیشی کە بەناشەرعی خۆیان سەپاندووە، دەربکرێن."
وەیس نایف گوتیشی: "لە نووسراوەکەی پەرلەماندا ھاتووە، کە ئیدارەی شەرعی بگەڕێتەوە و ئیدارەی ناشەرعیش لاببرێت و بدرێتە دادگا و پەکەکەش لە شنگال دەربکرێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە و ئەمنیەت بۆ شنگال دابین بکرێت، بۆیە ئەم جارە گەشبینین کە لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەت ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات و ئێمەش بەفەرمی بگەڕێینەوە بۆ سەر کاری خۆمان."
