فەرماندەی پێشمەرگەی ڕۆژ: پەیەدە چارەی نییە دەبێ قبووڵمان بکات
پێشمەرگەی ڕۆژ هێزێکی سەربازییە و لە گەنجانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان پێک هاتووە و مەرامیشی پاراستنی خاکی کوردستانە.
هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ توانی لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵێکی گەورە بگیڕێت و ئێستا لە باشووری کوردستان درێژە بە کاروانی خەباتی خۆی دەدات و چەندین جار هەوڵیان داوە بگەڕینەوە ڕۆژئاوای کوردستان، کەچی پەیەدە ڕیگرییان لێ دەکات.
محەمەد ڕەجەب، دەڵێ: "پەیەدە هەڵەی گەورەی کرد کە پێشمەرگەی ڕۆژی قبووڵ نەکرد، ئێمە هیچ جارێک نەمانگوتووە دەبینە بەدیلی هێزەکانی پەیەدە و دەمانگوت دەبینە هاوپارێزی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام سیاسەتی هەڵەی ئەوان بووەتە هۆکاری لەدەستدانی خاکی ڕۆژئاوای کوردستان."
ئەو دەشڵێ: "ناوبژیوانیی ئەمەریکا لە نێوان پەیەدە و ئەنەکەسەدا هەبوو بۆ چوونەوەی هێزەکانی ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوا، کەچی پەیەدە قبووڵی نەدەکرد و ئێمەش قبووڵمان نەدەکرد بچینە لایان و بکەوینە ژێر ڕکێفیان. ئێمە دەمانویست پێکەوە کار بکەین بۆ خاکی ڕۆژئاوای کوردستان."
ڕەجەب ئاماژەیشی دا: "ئێمە قبووڵمان نەدەکرد بڕۆینەوە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی خاکی دیرەزۆر و ڕەققە، کەچی هێشتا هەندێک ناوچەی کوردستان ڕزگار نەکراون، ئێمە جۆری بیرکردنەوەمان جیاواز بوو، بەڵام خاڵی هاوبەشمان هەبوو، کەچی ئەوان هەموو شتێکیان تێک دا."
فەرماندەی پێشمەرگەی ڕۆژ گوتیشی: "ئەمڕۆ، یان سبەی هەر دەگەڕێینەوە، ئێمە نامانەوێت بە شەڕ بچینەوە ڕۆژئاوا، بەڵام هەر دەبێ بچینەوە، چونکە هەموومان ڕۆڵەی ڕۆژئاواین."
kdp -
