سوپاسالاری پێشمەرگە: مەشقی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانانەوە بەردەوام دەبێت

سوپاسالاری پێشمەرگە: مەشقی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانانەوە بەردەوام دەبێت
ئەمڕۆ بە سەرپەڕشتیی هاوپەیمانان ئاهەنگی دەرچوونی سێ بەتالیۆنی لیوای چاردە بەڕێوە چوو. سوپاسالاری پێشمەرگە ڕایگەیاند، مەشق و ڕا‌هێنانی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانانەوە بەردەوام دەبێت.

ئەمرۆ، پێنچشەممە ٧-٤-٢٠١٩، لە ناحیەی ئەترووشی سەر بە قەزای شێخان، فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە، بە میدیاکانی ڕایگەیاند، ئەم جۆرە ڕاهێنانە لەنێو پێشمەرگە و یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەردەوام دەبن.

سوپاسالاری پێشمەرگە گوتیشی: "بەپێی ئەو بەرنامەیەی لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە هاوئاهەنگی هاوپەیمانان دانراوە، بەرنامەی ئەمساڵ تەواو دەبێت و لە ساڵی داهاتووشدا بەرنامەیەکی ڕێکوپێک لەگەڵ هاوپەیمانان دادەنێین."

لەوبارەیەوە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش ڕایگەیاند: "ساڵانە بەرنامەیەکی تۆکمە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانانەوە دادەڕێژرێت."
kdp -
Top