وەزارەتی پێشمەرگە: پێشمەرگە و حەشدی شەعبی زۆر لە یەکدی جیاوازن لەڕووی مێژوو و هەڵوێستەکانیانەوە
دوای دەرچوونی فەرمانە دیوانییەکەی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی رێکخستنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەشێک لە لایەنە شیعەکان داوادەکەن ئەو بڕیارانە پێشمەرگەش بگرێتەوە، بەتایبەت هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی.
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، پێشمەرگە خۆی بە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق دەزانێت، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی زۆر لە یەکدی جیاوازن لەڕووی مێژوو و هەڵوێستەکانیانەوە.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە جەختیکردەوە و گوتی: لەگەڵ ئەوەین پێداچوونەوە بە دۆخی پێشمەرگە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی نەکردووە، تەنیا ئەمساڵ نەبێت بودجەی بۆ پێشمەرگە جێگیرکردووە، ئەویش تاوەکو ئێستا پارەکەی خەرجنەکردووە.
سەربەست لەزگین ئاماژەی بەوەکرد، پرسی پێشمەرگە یەکێکە لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستی بە رێککەوتنی نێوان هەردوولایە و دەخوازن بەپێی دەستوور ئەو پرسە چارەسەربکرێت.
rudaw
