لە شەش مانگدا 130 کۆڵبەری كورد کوژران و بریندار بوون

لە شەش مانگدا 130 کۆڵبەری كورد کوژران و بریندار بوون
لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەر کاروانی کۆڵبەران، لانیکەم دوو کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و کۆڵبەرێکیش بریندار بووە.



بەپێی هەواڵی ڕێكخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، شەوی چوارشەممە 2019.7.3 هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کوێستانی "نەڵکەمین" لە نزیک ئاوایی "هانەگەرمەڵە"ی سەر بە لە شاری نۆدشە، لە هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرێکی ئەو ئاواییە کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بە سەختی بریندار کراوە.



ناوی ئەو کۆڵبەرە کوژراوە "گۆران عەزیززادە" تەمەن ٢٥ ساڵ کە تەرمەکەی لە دەرمانگای شاری نۆدشە ڕاگیراوە.



هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "ئەسیر شاپەسەندی" بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی شاری پاوە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.



لەلایەکی دیکەوە و هاوکات ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 2019.7.3 لە بەرزاییەکانی کەلی "تەتە"ی سەر بە شاری سەوڵاو لە پارێزگاری سنە و لە نزیک سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆڵبەرێکیان داوەتە بەر دەسترێژ و لە ئاکامدا گیانی لەدەست داوە.



هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە کە خەڵکی مەریوان بووە، ڕوون نەبووەتەوە.



چەند ڕۆژ پێش ئێستاش کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی "محەمەد ئاوازە" لە سنووری قەندۆڵی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراوە.



بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ،لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا١٣٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژرون و بریندار بوون کە ٧٠٪ی ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.



بە پشتبەستن بە هەمان ئامارلە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ زایینی، لانیکەم ١٣٠ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٣٩ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٩١ کەسیشان بریندار کراون.



زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای ورمێ کوژراون و بریندار بوون و سێ مێرمنداڵی کۆڵبەر کە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵ بووە، لەنێو ئەو کۆڵبەرانەدان کە کوژراون.



شێوەی قوربانیبوونی کۆڵبەران:

تەقەی ڕاستەوخۆ : ٩١ حاڵەت (١٩ کوژراو و ٧٢ بریندار) کە دەکاتە ٧٠٪ ی کۆی حاڵەتەکان.

ڕووداوی سروشتی: ٣١ حاڵەت (١٩ کوژراو و ١٢بریندار) کە دەکاتە ٢٤٪ ی کۆی حاڵەتەکان.

مین: ٨ حاڵەت (١ کوژراو ٧ بریندار) کە دەکاتە ٦٪ ی کۆی حاڵەتەکان.



جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان:

پارێزگای ورمێ: ٧٦ حاڵەت (٢٣ کوژراو و ٥٣ بریندار).

پارێزگای سنە: ٤٣ حاڵەت (١٤ کوژراو و ٢٩ بریندار).

پارێزگای کرماشان: ١١ حاڵەت (٢ کوژراو و ٩ بریندار).







باسنیوز
Top