ڕەوانەكردنی قوتابی و مامۆستا بۆ خوێندنی باڵا لە فەڕەنسا دەست پێدەكات
لە راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، كە نێردراوە، هاتووە، كە د. جوان جەلال شەریف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەڵێ، بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا وەزارەتەكەیان بە هاوبەشی لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتی فەڕەنسا بە نوێنەرایەتیی حكوومەتی ئەو وڵاتە، پڕۆژەی ئەكادیمی (ماستەر – دكتۆرا – پۆست دكتۆرا – ڕاهێنانی ستافی ئەكادیمی و كارگێڕی و ئەندازیاری)، ڕێككەوتنامەیەكی هاوبەش واژۆ بكەن.
بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان، بە شێوەیەكی گشتی مەرجەكان روون دەكاتەوە، كە بریتین لەوەی، بۆ خوێندنی دكتۆرا، پێویستە پێشكەشكار تەمەنی لە (٤٠) ساڵ زیاتر نەبێت، بۆ ماستەر پێویستە تەمەنی پێشكەشكار لە (٣٠) ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها خوێندن بە هەردوو زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی دەبێت و، ئاستی زمانەكەش بەپێی سرووشتی زانكۆ و پرۆگرامی خوێندنەكە دیاری دەكرێت، بۆ خولەكانی ڕاهێنانیش تەمەن وەك مەرج هەژمار ناكرێت.
لەبارەی كاتی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەكەی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ وڵاتی فەڕەنسا، د. جوان ئاماژەی دا، كە ئەو ڕێككەوتنە بۆ ماوەی ٣ ساڵ بەردەوام دەبێت، لە قۆناغی یەكەمدا بە مەبەستی ڕاهێنان توێژەرەكان ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەكرێن، لە قۆناغی دووەمیشدا یەكەم گرووپی خوازیارانی دكتۆرا ڕەوانە دەكرێن، هاوكات دواتریش قۆناغەكانی دیكەی ماستەر و پۆست دكتۆرا ڕەوانە دەكرێن.
سەبارەت بە خەرجیی ئەم بەرنامانە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان ئەوەی ڕوون كردەوە، كە تەواوی خەرجییەكانی ئەو بەرنامانە لە ئەستۆی حكوومەتی فەڕەنسا دەبێت، جگە لە بژێویی ژیان، كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەستۆی دەگرێت، هەروەها چاوپێكەوتنی خوازیاران لە ڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت، كە پێك هاتوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و نوێنەری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا.
kdp -
