هۆشیار مالو: گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاکی ھەرێم زیانی بۆ پەکەکەش ھەیە

هۆشیار مالو: گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاکی ھەرێم زیانی بۆ پەکەکەش ھەیە
سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دروستکردنی ھەر ڕێکخراوێک لەژێر ھەر ناوێک لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان زیان بە خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و دەشڵێ، پەکەکە بەرپرسە لە بەرانبەر بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیلی کوردستان لە لایەن وڵاتانی ھاوسنوورەوە.

هۆشیار مالو، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد،ڕاگەیاند: "دامەزراندنی گرووپێکی چەکداری لەسەر سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بابەتێکی سیادییە و پەیوەستە بە ھەڵوێستی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بەغدا لەسەر ئەو کێشە سنوورییانە ھەڵوێستی فەرمیی نەبووە، کەچی لەسەر کێشەی زۆر بچووکتر ھەڵوێستی توندی ھەبووە."

سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد دەڵێت: "پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی یاسایی بگرێتە بەر بەرانبەر ھەر تاقم و گرووپێک کە لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان دەست بە جووڵە بکەن، چونکە ئەمە دەبێتە مەترسی بۆ سەر خاک و خەڵکی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ھاوسنووریش."

هۆشیار مالو ڕوونی کردەوە: "پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرپرسیارە لەو کێشانەی بۆ ھەرێمی کوردستان پەیدا دەبن، چ دەستدرێژیی وڵاتی تورکیا بۆسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت، یان پێکهێنان و چالاکیی ڕێکخراوەی چەکداری لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە پێویستە پەکەکە بچێتە ناو خاکی تورکیا بۆ ئەنجامدانی چالاکیی خۆی و نەبێتە سەرچاوەی کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان، گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان نەک خزمەت بە خەڵکی کوردستان ناکات، بەپێچەوانەوە زیانی بۆ پەکەکەش ھەیە."

Top