بۆ خوێندنی باڵا قوتابی و مامۆستا ڕەوانەی فەرەنسا دەکرێن

بۆ خوێندنی باڵا قوتابی و مامۆستا ڕەوانەی فەرەنسا دەکرێن
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بەپێی ڕێککەوتننامەیەک، ڕەوانەکردنی قوتابی و مامۆستا بۆ خوێندنی باڵا لە فەرەنسا دەست پێ دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/7/2019، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاندراوێکی فەرمی بڵاو کردەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی ئەکادیمیی ھاوبەشی بەرنامەکانی (ماستەر – دکتۆرا – پۆست دکتۆرا – ڕاھێنانی ستافی ئەکادیمی و کارگێڕی و ئەندازیاری)، لەمانگی ئەیلوولی ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێککەوتنامەیەکی ھاوبەش لەگەڵ باڵیۆزخانەی فەرەنسا – بەغدا بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ئەو وڵاتە واژۆ دەکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا د. جوان جەلال شەریف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای گەیاندووە: وا بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ وەزارەتەکەمان بە ھاوبەشی لەگەڵ باڵیۆزخانەی فەرەنسا بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ئەو وڵاتە، پڕۆژەی ئەکادیمیی (ماستەر – دکتۆرا – پۆست دکتۆرا – ڕاھێنانی ستافی ئەکادیمی و کارگێڕی و ئەندازیاری)، ڕێککەوتنامەیەکی ھاوبەش واژۆ بکات.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی:

بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی ئەکادیمی ھاوبەشی بەرنامەکانی (ماستەر – دکتۆرا – پۆست دکتۆرا – ڕاھێنانی ستافی ئەکادیمی و کارگێڕی و ئەندازیاری)، لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێککەوتنامەیەکی ھاوبەش لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتی فەرەنسا – بەغدا بە نوێنەرایەتی حکومەتی ئەو وڵاتە ئیمزادەکات.

(د. جوان جەلال شەریف) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: وا بڕیارە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ وەزارەتەکەمان بە ھاوبەشی لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتی فەرەنسا بە نوێنەرایەتی حکومەتی ئەو وڵاتە پڕۆژەی ئەکادیمی (ماستەر – دکتۆرا – پۆست دکتۆرا – ڕاھێنانی ستافی ئەکادیمی و کارگێڕی و ئەندازیاری)، ڕێککەوتنامەیەکی ھاوبەش ئیمزا بکات، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان وتیشی بەشێوەیەکی گشتی مەرجەکان بریتین لەمانەی خوارەوە:

بۆ خوێندنی دکتۆرا پێویستە پێشکەشکار تەمەنی لە (٤٠) ساڵ زیاتر نەبێت، بۆ ماستەر پێویستە تەمەنی پێشکەشکار لە (٣٠) ساڵ زیاتر نەبێت، ھەروەھا خوێندن بە ھەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی دەبێت و ئاستی زمانەکەش بەپێی سروشتی زانکۆ و پرۆگرامی خوێندنەکە دیاریدەکرێت، بۆ خولەکانی ڕاھێنانیش تەمەن وەک مەرج ھەژمار ناکرێت.

لەبارەی کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەکەی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ وڵاتی فەرەنسا، (د. جوان جەلال شەریف) گوتی: ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەی ٣ ساڵ بەردەوام دەبێت و, وابڕیارە لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ ئیمزابکرێت، کە لە قۆناخی یەکەمدا بە مەبەستی ڕاھێنان توێژەرەکان ڕەوانە ئەو وڵاتە دەکرێن، لە قۆناخی دوەمیشدا یەکەم گروپی خوازیارانی دکتۆرا ڕەوانە دەکرێن و دواتریش قۆناخەکانی دیکەی ماستەر و پۆست دکتۆرا ڕەوانە دەکرێن.

سەبارەت بەخەرجی ئەم بەرنامانە، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان ئەوەی ڕونکردەوە, کە تەواوی خەرجیەکانی ئەم بەرنامانە لە ئەستۆی حکومەتی فەرەنسا دەبێت، جگە لە بژێوی ژیان کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەئەستۆی دەگرێت، ھەروەھا چاوپێکەوتنی خوازیاران لەڕێگەی لێژنەیەکی تایبەت ئەنجامدەدرێت، کە پێکھاتوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و نوێنەری باڵیۆزخانەی فەرەنسا.








basnews
Top