سلێمانی.. بەھۆی کەمی ژمارەی پزیشک و کارمەند نزیکەی ٢٠ بنکەی تەندروستی داخراون
ھاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکانی تەندروستکارانی کوردستان ڕاگەیاند: "ساڵانە بەھۆی خانەنشین بوون و مردن و وەگرتنی مۆڵەت و وازھێنانەوە،ژمارەی پزیشک و کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی لەکەمبوونەوەدان، بەجۆرێک لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بەوھۆیەوە نزیکەی ٦ ھەزار میلاکی تەندروستی کەمی کردووە".
گوتیشی: "لەساڵی ٢٠١٤ ەوە بەھۆی قەیرانی داراییەوە ژمارەیەکی کەم پزیشک و کارمەندی تەندروستی دامەزراون،بەوھۆیەوە زۆرترین بنکەی تەندروستی بەتایبەت ھی لادێکان داخراون، بەجۆرێک لە سنووری شارباژێری سلێمانی ١٨ بنکەی تەندروستی بەتەواوەتی داخراون، ھاوکات دەوامی ٢٤ کاتژمێری چەند مەڵبەندێکی تەندروستی بووەتەوە شەش کاتژمێری".
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکانی تەندروستکاران باسی لە ئەوەش کرد بەھاوکاری وەزارەتی تەندروستی،داواکارییەکیان داوەتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەگەر دەرچووانیش دانانەمەزرێن ئەوا دەکرێت بڕیاری جێگرەوەی ئەو کارمەند و پزیشکانەی مۆڵەت وەردەگرن یان وازدەھێنن یان خانەنشین دەبن جێبەجێ بکەن و بەگرێبەست دەرچووانی بەشە پێویستەکان دابمەزرێنن.
ھاوژین عوسمان گەشبینی خۆیشی لەبەرانبەر کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
bas news-
