پڕۆژەیاسایەك بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان پێشكەشى پەرلەمان دەكرێت

پڕۆژەیاسایەك بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان پێشكەشى پەرلەمان دەكرێت
ئەندامێكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم پڕۆژەیاسایەك بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان پێشكەش بە پەرلەمان دەكەن.

خەدیجە عومەر مزووری، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "‌ئەمڕۆ سێشەممە كاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆ، وەكو لیژنەی كاروباری یاسایی و لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ هەرسێ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك كۆدەبینەوە".

مزووری دەشڵێ: "ئەنجوومەنی پارێزگاكان پڕۆژەیاسایەكیان ئامادە كردووە لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە بە ژمارە (3)ی ساڵی 2009، كە بڕیارە پێشكەش بە پەرلەمانی بكەن و گفتوگۆی لەسەر بكەین، چونكە دەیانەوێت ئەم یاسایە هەموار بكەینەوە."

ئەو ئەندامەی لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەشی دا: "ئێمە پڕۆژەیاساكە وەردەگرین و پێداچوونەوەی بۆ دەكەین لەگەڵ لیژنەی ناوخۆ، هەروەها گفتوگۆی لەسەر دەكەین و ئەو رێكارانەی پێویستن ئەنجامی دەدەین، چونكە پڕۆژەیەك بۆ یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان گرنكە و دەبێت لە پەرلەمان كاری لەسەر بكەین".

kdp -
Top