د. ئەحمەد سەفار: بۆ ساڵی ٢٠٢٠ گۆڕانكاری لە بودجەی گشتیی عێراقدا دەكرێت
دكتۆر ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەنگاوەكانی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەستی پێكردووە، لە ئێستادا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ئایندەیە و سێ نوێنەری لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانیش لەگەڵ وەزارەتی دارایین بۆ ئامادەكردنی بودجە، حەفتانە چەند كۆبوونەوەیەك بەڕێوە دەچن و بڕیارە لە دوای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە رادەستی پەرلەمان بكرێت".
ئەندامەكەی لیژنەیی دارایی دەشڵێت: "بۆ ساڵی ٢٠٢٠ گۆڕانكاری لە بودجەی گشتیی عێراقدا دەكرێت و زیاتر گرینگی بە ئامانجەكان دەدرێت بۆ خەرجكردنی پارەی بودجە، واتە زیاتر ئەولەوییەت بۆ وەبەرھێنان دەبێت و دەمانەوێ سوود لە وەبەرھێنان وەربگرێت و پارەی بودجە بۆ ئەو كەرتانە بێت، كە سوودیان بۆ خەڵكی عێراق ھەیە".
پەیوەست بە پشكی بودجەی ھەرێمی كوردستان، سەفار گوتی: "ئەوەی پەیوەندی بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، ماددەیەكی تایبەتە لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و دەوەستێتە سەر رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، دانوستان لە نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ دەستی پێكردووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، بەبێ رێككەوتنی نێوان ھەردوولاش، پشكی ھەرێمی كوردستان دیاری ناكرێت".
kdp -
