ئەمڕۆ كۆڕبەندی بازرگانیی نێوان كوردستان – توركیا بە گرێبەستی نێوان كۆمپانیاكان كۆتایی دێت

ئەمڕۆ كۆڕبەندی بازرگانیی نێوان كوردستان – توركیا بە گرێبەستی نێوان كۆمپانیاكان كۆتایی دێت
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا كارەكانی كۆڕبەندی بازرگانیی نێوان كوردستان - توركیا بەردەوام بوو و ئەمڕۆش كۆتا رۆژی كۆڕبەندەكە دەبێت، كە تێیدا گرێبەست لە نێوان كۆمپانیاكاندا واژۆ دەكرێت.

گەیلان حاجی سەعید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، بە بەشداریی (150) كۆمپانیای ناوخۆیی و توركی، ماوەی دوو رۆژ كۆڕبەندی بازرگانیی نێوان كوردستان – توركیا بەردەوام بوو و ئەمڕۆش دوایین رۆژی كۆڕبەندەكە دەبێت.

سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی هاوردە و هەناردەكاران ڕاشیگەیاند: "لە كۆڕبەندەكەدا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و پیاوانی كاری توركی و عێراقی و ژووری بازرگانیی مێرسین بەشدار بوون، كە كۆڕبەندەكە لە لایەن لقی هەولێری یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دەكرا و تێیدا بە هەمووان چەندین راسپاردە و تێبینیمان ئامادە كردووە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا بۆ ئاسانكاری بە مەبەستی كاری بازرگانی لە نێوان هەردوولادا".

بە گوتەی گەیلان، ئەمڕۆ دوایین رۆژی كۆڕبەندەكەیە و تێیدا گرێبەست لە نێوان ئەو كۆمپانیایانەدا واژۆ دەكرێت، كە لە دوو رۆژی ڕابردوودا پرۆژەی هاوبەشیان گفتۆگۆ كردووە بۆ ئەوەی بە ئەنجامی بگەیەنن.


kdp -
Top