بەپێی پلانێک فەرمانبەرانی حکوومییش دەگوازرێنەوە کەرتی تایبەت
مەحمود عوسمان، ئەندامی ئاماری ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی بە (باس)ی راگەیاند، بۆ رێکخستنەوەی شێوازی کارکردنی کەرتی تایبەت و گشتی، پلانێکی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێت، گوتی: "لەو پلانەدا ھەل دەڕەخسێندرێت بۆ وەبەرھێنان و ھاندانی کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان، لەگەڵ پێدانی قەرز بۆ ئەو کەسانە کاری سەربەخۆ دەکەن، بۆ کەمکردنەوەی بێکاری، حکوومەتیش ھاوکاریی کەرتی تایبەت دەکات، بۆ کارئاسانیی کارگێڕی و دەرکردنی یاسا".
ئاماژەی بەوەش کرد، لەو پلانە درێژخایەنەدا ڕێکارەکانی چارەسەریی فەرمانبەرانی زیادە لە فەرمانگەکانی کەرتی حکوومیدا دانراوە، زیاتر گوتیشی: "دووبارە دابەشکردنەوەی فەرمانبەران بەسەر فەرمانگەکاندا دەکرێت، لەو پلانەدا بەرنامە ھەیە بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی حکوومی بگوازرێنەوە بۆ کەرتی تایبەت و ھەموو مافێکیان پارێزراو دەبێت، لە ئەژماری خزمەت و خانەنشینی و زیادکردنی مووچەکانیان، کۆمپانیاکانیش ناتوانن دەستبەرداریان بن".
لە دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێم، زیاتر لە ٧٠٠ ھەزار فەرمانبەر ھەیە.
بەرپرسەکەی ئامار ئاشکراشی کرد: "بۆ ئەو پڕۆژەیە تاوەکوو ساڵی ٢٠٣٠ دەبێت حکوومەتی ھەرێم بە ھاوکاریی بانکی نێودەوڵەتی بڕی ٣٠ ملیار دۆلار تەرخان بکات، ئەو پارەیەش ھەنگاو بە ھەنگاو لەگەڵ چوونە پێشەوەی پڕۆژەکە خەرج دەکرێت".
ئاماژەی بەوەش دا، لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، پڕۆژەکە دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، گوتیشی: "لەو پلانەدا کەرتی کشتوکاڵ زۆر گرنگیی پێ دراوە و دەمانەوێت رێژەی گوندنشینان زیاد بکەین و پڕۆژەی کشتوکاڵییش زیاد بکرێت، لەگەڵ دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی کشتوکاڵی بۆ جووتیارانی لێھاتوو، ھەروەھا دروستکردنی دەیان بەنداو".
مەحمود عوسمان، دووپاتی کردەوە، لەو پلانەدا گرنگییەکی باش بە پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و گەشتیاری دراوە، لە دامەزراندنی کارگە و دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی و کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی گەشتوگوزاری لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا.
ئەو پلانە لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی ھەرێمی کوردستان و بانکی نێودەوڵەتی دانراوە، تیایدا زۆربەی کارەکانی دەوڵەت، بەتایبەتی بوارەکانی خزمەتگوزاری، بۆ ڕاپەڕاندنیان دەدرێتە کەرتی تایبەت.
باسنیوز
