د. ڤیان: كورد ٤٠٠ پۆستی پلە تایبەتەكانی لە بەغدا بەردەكەوێت

		 د. ڤیان: كورد ٤٠٠ پۆستی پلە تایبەتەكانی لە بەغدا بەردەكەوێت
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، لیژنەیەك لە بەغدا بۆ دابەشكردنی پۆستی پلە تایبەتەكانی كابینەی نوێ دەستبەكار بووە، كە ٤٠٠ پۆستیان بەر كورد دەكەون. دەشڵێ، ھەوڵ دەدەن ئەو پۆستانە وەربگرن كە بۆ ھەرێمی كوردستان گرنگن.

د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا ٤٠٠ پۆستی پلە تایبەتەكان بەر كورد دەكەون و لیژنەیەكیش ھەیە لە بەغدا بە ناوی ھاوسەنگی، كە ئێمەش وەكو پارتی تێیدا بەشدارین و كار بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەتی عێراق دەكەین، ئەوانەی پلەی تایبەتن لە ھەموو وەزارەت و دەستەكاندا، بۆیە باش خۆمانمان بۆ ئامادە كردووە".

سەبری گوتیشی: "وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان دوو لیژنەمان دروست كردبوو، یەكێك لەسەر ئاستی لقەكان و ئەوەی دیكەش لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی بە بڕیاری سەرۆك بارزانی، خەڵكیش سیڤیی خۆیان پێشكەش كرد لەسەر ئاستی لقەكان و سیڤییەكان بەپێی پسپۆڕی و لێھاتوویی و شارەزایی یەكلا كراونەتەوە و ناوەكان ئامادە كراون و لیژنەیەكیش بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ عێراق تا ئێستا دوو جار سەردانی بەغدای كردووە و بڕیارە جاری سێیەمیش سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی باسی لەوەش كرد: "كۆمەڵێك پۆست ھەیە كە دەبێ وەكو كورد كاری بۆ بكەین بۆ ئەوەی لە كابینەی نوێدا وەریانبگرین، كە پێیان دەگوترێت پۆستی ئیتیحادی، بۆیە پێویستە ئەو پۆستانە وەرگرین كە بۆ ھەرێمی كوردستان گرنگن، بۆ ئەومەبەستەش هەوڵەكان خراونەتە گەڕ".

KDP-
Top