نەجمەدین کەریم: دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر تەعریب لە کەرکووک دەستی پێ کردەوە

 نەجمەدین کەریم: دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر تەعریب لە کەرکووک دەستی پێ کردەوە
پارێزگاری شەرعیی کەرکووک رایدەگەیەنێت، دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، پرۆسەی بەعەرەبکردنەوەی کەرکووک دەستی پێ کردووەتەوە.



ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/11/2018، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک بە (کوردستان 24)ی راگەیاند، هێزە داگیرکەرەکان لە کەرکووک لە باشووری کوردستان و عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، دەستیان بە پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو دوو شارە کردووە، ”لە عەفرین تەنانەت داری باخی کوردان هەڵدەکێشن“.



نەجمەدین کەریم، کە لەمیانی کۆنفرانسی سێیەمی ساڵانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسیی کوردی لە واشنتن قسەی کرد، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003 تا 2016، پرۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووک وەستابوو و هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک دەستیان پێ کردبوو.



پارێزگاری شەرعیی کەرکووک جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، حکوومەتی عێراق بە هێنانی عەرەبی شیعە و سوننە بۆ کەرکووک و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، دەستی بە پرۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووک کردووەتەوە.



ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری كه‌وتنە ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه‌ گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون.





باسنيوز
Top