ھێمن ھەورامی: لیژنەیەکی باڵا پێک دێت و سەردانی ھەموو لایەنەکان دەکات
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھێمن ھەورامی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پارتی بە متمانەبەخۆبوونێکی زۆرەوە دەست بۆ پرسە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتە دەبات کە سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و دەروونیی بۆ خەڵکی کوردستان لێ بکەوێتەوە، ئەوەش دەکرێت دەست بەرین بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی ھاوچەرخ و بتوانین پڕۆژەی چاکسازی پەسەند بکەین، کە بتوانین چاکسازی لە سیستەمی ئابووری و داراییی ھەرێمی کوردستاندا بچەسپێنین بۆ ئەوەی بژێوی خەڵکی کوردستان باشتر بکەین."
هەورامی گوتیشی: "ئەولەویەتی کاری ئێمە نەھێشتنی پاشەکەوتی مووچە و باشترکردنی بژێوی خەڵک و دۆزینەوەی ھەلی کارە بۆ گەنجە بێکارەکان، بۆ ئەمەش پارتی زۆر بە خاکەڕایی مامەڵە لەگەڵ کورسییەکانی خۆی دەکات و بە غرووری سیاسی مامەڵە لەگەڵ ٤٥ کورسییەکەی خۆی ناکات."
ھێمن ھەورامی باسی لەوەش کرد: "لە چەند ڕۆژی داھاتوودا مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەیەکی باڵای دانوستان پێک دێنێت و ئەو لیژنەیە سەردانی ھەموو لایەنەکان دەکات و ھێڵی سوورمان لەسەر ھیچ لایەنێک نییە و ئەزموونەکانی ڕابردووش پێشانیان داین کە حکوومەتی بنکەفراوان نەیتوانی ئەو ئامانجانە بێنێتەدی کە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی لێ دەکرد، بۆیە پێویستە ئەوانەی بەشداری لە حکوومەتی داھاتوو دەکەن، چۆن لە حکوومەت بەشدار دەبن، پێویستە لە پەرلەمانیش ھاوپەیمانی فراکسیۆنی پارتی بن، بۆ ئەوەی ئیستقراری پەرلەمان و حکوومەتی لێ بکەوێتەوە، بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی و ئیدارەی لە ھەرێمی کوردستان دروست بێت."
ھەورامی ئەوەیشی گوت: "ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین کە سەرەتایەکی تازە بێت لە کاری پەرلەمانی بۆ ئەوەی جەماوەری کوردستان دڵنیا بن و کە ناوی پەرلەمان دێت ھەست بە ئارامی بکەن و ھەست بکەن نوێنەرەکانیان شەونخونی بۆ ئەوان دەکەن و کەس بۆ ئیمتیازات نەھاتووە بۆ پەرلەمان و خەمی ئێمە خەمی خەڵکی کوردستان بێت و خەمی سەرخستنی ئەو پرۆژانە بن کە بژێوی خەڵک باشتر دەکەن، بۆیە دەرگای پارتی کراوەیە و داوایەکی برایانە لە لایەنەکان ئەوەیە کە تەوەقوع نەکەن غەدر لە ٤٥ کورسیی پارتی دەکەن."
kdp-
