سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی مەدەنیی ڕزگاریی عەفرین دەكات
سەرۆک بارزانی، لە سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی مەدەنیی ڕزگاریی عەفرین لە تاراوگە کرد و تێیدا بارودۆخی سیاسی و مرۆیی عەفرین و ڕەوش و گوزەرانی دانیشتوانی عەفرین و ئاوارەكانیان تاوێکرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە سەرۆك بارزانی كرد و ڕایانگەیاند كە بە سەركەوتنی پارتی سەربەرزن و سەركەوتنی پارتی مایەی ئومێدی هەموو لایەكە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و مرۆیی عەفرین و ڕەوش و گوزەرانی دانیشتوانی عەفرین و ئاوارەكان و هەروەها هەڕەشەكانی گۆڕینی دیموگرافیی ئەو شارە لە لایەن هێزە جۆراوجۆرەكان تاوتوێ كرا و شاندی میوان سەرۆك بارزانیان لە وردەكاریی ئازاردانی خەڵك و پێشێلكارییەكان لەدژی كورد لەو ناوچەیە ئاگادار كردەوە و گلەییشیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە چاوپۆشیان لەو پێشێلكارییانە كردووە كە دەرهەق بە خەڵك و سرووشتی عەفرین دەكرێت.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەمەڕ ئاییندەی ڕۆژئاوای كوردستان و بارودۆخی عەفرین نیشاندا و ئەوەیشی خستەڕوو كە عەفرینیش درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و زوڵمەیە كە دەرهەق گەلی كوردستان لە ڕابردوودا كراوە، هەروەها بەرچاوڕوونیی پێویستی لەبارەی هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و داهاتووی سووریا و عەفرین بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
باسنيوز
