نەوزاد هادی هۆکاری پێشکەوتنی هەولێر و دهۆک ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 23/10/2018، نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (میری)، ئاماژەی بە سەردانێکی خۆی بۆ پارێزگای بەسرە لە ساڵی 2010 کرد و رایگەیاند، پارێزگاری بەسرە ئەوکات پێی گوتووە، نزیکەی دوو ملیار دۆلاری داهاتی پترۆدۆلاریان هەیە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی حزبەکان و پشک پشکێنە، ناتوانێ پارەکە بۆ ئاوەدانیی شارەکەی خەرج بکات.
نەوزاد هادی هەروەها رایگەیاندووە، کە بەهۆی زۆرینەی سیاسی لە ئیدارەی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، توانراوە پارەی بەردەست و بودجە لە خزمەتی خەڵک و بۆ ئاوەدانیی پارێزگاکان، خەرج بکرێت و هیچ بەربەستێکی سیاسی نەبووە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پارێزگای سلێمانی، لەوکاتەی تەنیا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرینەی سیاسی پێک دەهێنا، رەوشەکە باشتر بوو، بەڵام دواتر هاوکێشەکە گۆڕا و زۆرینەی سیاسی نەما و رەوشەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات.
رۆژی سێشەممە 23/10/2018، ئینستیتیوتی میری دیدارێکی دوو رۆژەی دەست پێ کرد، کە هەشت پانێڵ لەخۆ دەگرێت.
باسنيوز
