لە سلێمانی کەسێک دەستگیر کرا

لە سلێمانی کەسێک دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێکدا دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاندووە، کە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)ەوە، کڕین و فرۆشتنی بە چەک کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/10/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "پاش ئەوەی زانیاری لەسەر تۆمەتبارێک کۆ کرایەوە کە لە ڕێگەی فەیسبووکەوە کڕین و فرۆشتنی بە چەکەوە کردووە، ئەمڕۆ ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرای سەر بە بەشی پۆلیسی ناوشار - ڕۆژھەڵات توانییان تۆمەتبار دەستگیر بکەن و دەستیش بگرن بەسەر چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفدا".

باس لەوەش کراوە: "ئێستا تۆمەتبار (پ، ک، ح) لەدایکبووی ساڵی 1993، دانیشتووی سلێمانییە، بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 21ی چەک ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی ورد لەلایەن ھێزەکانی پۆلیس دەستی پێ کردووە.

ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، 7/10/2018 ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی چوار تۆمەتباریان دەستگیر کرد کە لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە کڕین و فرۆشتنیان بە چەکەوە کردبوو.

ئاماژە بەوەش دراوە: "ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ھەڵمەت و گەڕان پشکنینەکانی بەردەوام دەبێت بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بە نایاسایی کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە دەکەن، ھەر کەسێکیش سەرپێچی یاسا بکات، دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە".










باسنيوز
Top