مەحموود عوسمان: یەكەم ئەركی عادل عەبدولمەهدی سنوورداركردنی گەندەڵیە
ئەمڕۆ چوارشەممە مەحموود عوسمان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی پێویستە دكتۆر عادل لە پێکهێنانى حكوومەتەكەیدا دەرس لە ڕابردوو وەربگرێ و تیمێکى هاوکار لەگەڵ یەکتری و خاوەن ئەزموون دروست بکات، لەمەش گرنگتر ئەوەیە کەچى ئەنجام دەدەن لە کارە لەپێشینەكاندا.
سیاسەتمەدارە كوردەكە ئاماژەی بەچوار خاڵ كردووە بۆ حكوومەتی نوێی عێراق و لە یەكەمدا نووسیویەتی "لەناوبردنى گەندەڵى کە زۆر فراوان بووە و کارى خراپى لە هەموو ڕوویەکەوە کردووەتە سەر دەوڵەت و هاووڵاتیان".
هەروەها نووسیویەتی "پێویست بەدابینکردنى خزمەتگوزارى پێویست دەكات بۆ هاووڵاتیان، کە زۆر کەمە، وەکو لە بەسرە و شوێنى تر بینیمان و بووەتە کێشەیەکى هەرە گەورەى هاووڵاتیان و ساڵ بەساڵ خراپتر بووە".
مەحموود عوسمان لە سێیەم خاڵدا نووسیویەتی كە پێویست بەچاکسازى هەیە لە ڕووەكانى ئیدارى و دارایى و ئاسایش و کۆمەڵایەتى، هەروەها ئەنجامدانى چاکسازى لە دەزگاى دادوەری. لە خاڵی كۆتاییشدا ئاماژەی بەپێویستی هەوڵدان بۆ پتەوکردن و فراوانکردنى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى عێراق و ڕاگرتنى باڵانس لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەشێوەیەکى بابەتیانە كردووە.
پەرلەمانتارە پێشووەكەی عێراق ئەوەشی نووسیوە كە پێویستە دكتۆر عادل عەبدولمەهدی هەوڵ بدات بەجیدى بۆ چارەسەرى کێشەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، هێزە کوردستانییەکانیش دەبێت هاوڕا بن و پێداگیرى لەم ڕووەوە بكەن.
bas news -
