ئاراس حەسۆ میرخان: ھیچ پۆستێک لە پشکی پارتی بە ھیچ لایەنێک نادرێ

 ئاراس حەسۆ میرخان: ھیچ پۆستێک لە پشکی پارتی بە ھیچ لایەنێک نادرێ
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، ھیچ پۆستێک لە پشکی پارتی بە ھیچ کەسێک نادرێت، ”ئەمەش بڕیاری کۆتاییمانە“.

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی کە تێیدا دەرکەوت، پارتی ٤٤ کورسی، یەکێتی ٢١ کورسی، گۆڕان ١٢ کورسی، کۆمەڵ ٧ کورسی و (بەرەو ئیسلاح) ٥ کورسییان بەدەست هێناوە. بەرپرسانی یەکێتی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چاوەڕوانن بەقەد پارتی وەزارەت لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرن.


لە بەرامبەردا ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامێ سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ”ئەم بابەتە کۆتایی پێ ھاتووە و دەنگی پارتی بۆ پارتییەکان دەبێت و لەمەودوا ھیچ پۆستێک لە پشکی پارتی بە کەس نادرێت، ئەمە بڕیاری کۆتایی پارتییە، لە دوای ھەڵبژاردنیش نێچیرڤان بارزانی باسی ئەم بابەتەی کرد“.

سەرکردەکەی پارتی دووپاتی کردەوە کە بابەتەکە بەلای ئەوانەوە کۆتایی هاتووە. ڕوونیشی کردەوە، دوای بڕیاری کۆتایی کۆمیسیۆن، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەچینە نێو گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. گوتیشی: ”دەبێ بزانن کە پارتی حکوومەت پێکدەھێنێت و بەرنامەی حکوومەتیش پارتی دای دەڕێژێت و ھەر کەسێک بە پێی قەبارەی خۆی حسابی بۆ دەکرێت“.

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی لە لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە کە بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ گۆڕانیش گفتوگۆ دەکەن، بەڵام حکوومەتێکی بنکەفراوان پێکناهێننەوە.









باسنیوز
Top