29٪ی گۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی نۆ مانگی ئەمساڵی ئێران کورد بوون

29٪ی گۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی نۆ مانگی ئەمساڵی ئێران کورد بوون
بە پشتبەستن بە ئاماری دوو ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٩٪ی ئەو کۆی گشتیی ئەو کەسانەی کە لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا لە ئێران لەسێدارە دراون، هاووڵاتیی کورد بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە هەتا ئێستا (٩ مانگ)، حوکمی سێدارەی ٢٠٧ هاووڵاتی لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

لەلایەکی دیکەوە و بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەر لەو ماوەیەدا ٦٠ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان، کرماشان، سنە، ورمێ، قەزوێن و باکووری خۆراسان لەسێدارە دراون.

بە بەراوردکردنی ئامارەکانی ئەو دوو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ دەردەکەویت، کە ٢٩٪ی کۆی گشتیی ئەو کەسانەی کە لەماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا لە ئێران لەسێدارە دراون، هاووڵاتیی کورد بوون.

لەو ماوەیەدا ٦ بەندکراوی سیاسی کورد و ٩ چالاکی مەزهەبیی کورد لە بەندیخانەکانی کەرەج و میاندواو لەسێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی یەک ساڵدا، واتە لە 10ی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە هەتا ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە 80 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون.

لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینییەوە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەریان وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی حوکمی سێدارە ناودێر کردووە ساڵانە لەلایەن ڕێکخراو و دامەزراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و چالاکانی مافی مرۆڤەوە لەم ڕۆژەدا ئامار و داتاکانی پەیوەندیدار بە سزای سێدارە و ڕێژەی لەسێدارەدان لە وڵاتانی دنیا ئامار بڵاو دەکرێتەوە..

ئێستا لە ١٠٤ وڵاتی جیهان حوکمی سێدارە جێبەجێ ناکرێت و لە ٥٠ وڵاتیش هەرچەند لەلایەن یاساوە ڕیگە پێدراوە، بەڵام ئەو حوکمە جێبەجێ ناکرێت و تەنیا لە ٣٦ وڵات حوکمی سێدارە بەڕێوە دەچێت.










باسنيوز
Top