حکوومەتی عێراق هیچ پارەیەک بۆ پڕۆژەکانی ئاو لە کوردستان تەرخان ناکات
بەپێی زانیارییەکان، پاش ئەوەی مووچەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و بودجەی پڕۆژەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر حکوومەتی ئیتیحادی، ڕێگە بە درووستکردنی هیچ بەنداو و پڕۆژەیەکی ئاو نادەن و بە بیانووی بودجەوە هەوڵدەدەن ژێرخانی ئاو لە کوردستان بە لاوازی بمێنێتەوە، ئەمەش بەو ئامانجەی کە لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان نەتوانێت لە ڕێگەی بەنداوەکانیەوە، ئاوەکان گل بداتەوە.
لەمبارەیەوە ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ”بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەمان تەنیا لە ڕووی مووچەوە خراوەتە سەر بەغدا و مانگانە خۆیان بە سەرماندا دابەشی دەکەن، هەرچەندە بڕیار بوو میلاکیشمان بخرێتەوە سەر حکوومەتی عێراق، بەڵام هێشتا ئەوە نەکراوە".
سەبارەت بەو پرۆژانەی کە پێشکەش بە وەزارەتی سەچاوە ئاوییەکانی عێراق کراوە، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: "زۆر داوامان کردووە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانیشدا داوامان کردووە، بەڵام ئەوان باس لە نەبوونی بوودجە دەکەن، بۆ پرۆژەکانیش ھیچ وەڵامدانەوەیەکیان نییە".
ئەوەشی خستە ڕوو کە ھەندێک لە کۆمپانیا و بەڵێندەرەکان دەستیان بە کارکردن لە پڕۆژەکاندا کردووەتەوە، بەڵام ”ھیچ پشتیوانییەکی حکوومەتی عێراقیان نییە“.
پێشتر وەفیق سامەڕایی، ڕاوێژکاری پێشووی جەلال تاڵەبانی لە کاتی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقدا، داوای کردبوو بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە دابەشکردنی عێراق و بەبیابانبوونی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، وەزارەتی سەرچاوە سرووشتییەکان بە کەسێکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان نەدرێت. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێکی سەر بە پارتی لەو پۆستەدا بێ، ئەگەر هەیە ژێرخانی ئاو لە کوردستان بەهێز بکات.
باسنیوز
