وەزیری پەروەردە: ژێرخانی پەروەردە پێویستیی بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار هەیە
وەزیری پەروەردەی عکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەگەر کەسێک لەوە تێ بگات کە پرسی پەروەردە چەندە گرنگە، بێگومان ئەو کەسە دەتوانێ لە پێشکەوتنی وڵاتەکەدا بەشدار بێت و ڕای گەیاند ساڵی رابردوو ڕێکخراوی "کۆیکا" بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگای هەڵەبجە، بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەییان داناوە و هیوادارین ئەمساڵ لە ماوەیەکی کەمدا ئەو کۆمەڵگەیە بکەینەوە."
ڕاشی گەیاند: "هەر دۆلارێک لە کەرتی پەروەردە سەرف بکرێت، بێگومان لە ئایندەدا بەرهەمەکەی بۆ ئێمە 15 دۆلار دەبێت و هەر کەسێک لەپێناو گەشەکردنی پەروەردە هەنگاوێک هەڵبگرێت، بێگومان پاداشتیان دەدرێتەوە و نەتەوەکەشمان ڕێزیان دەگرن"
پشتیوان سادق گوتیشی: "ڕاستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وباری پەروەردەدا کاری زۆری کردووە، بەڵام هێشتا زۆر کار ماوە بیکەین، ئێستا لە کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار قوتابی و خوێندکارمان هەیە، لە ساڵی 1991 ئێمە تەنیا 500 هەزار قوتابیمان هەبووە، ئەوکات ئێمە تەنیا 900 بینای قوتابخانەمان هەبووە، بەڵام ئێستا نزیکەی 6 هەزار بینا و باڵەخانە و ناوەندی خویندمان هەیە، ئەوکات نزیکەی 20 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەییامن هەبووە، بەڵام ئێستا 180 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرمان لە هەرێمی کوردستان هەیە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە سەرەتای ئەمساڵی خوێندندا سەرەتا ئاماری 120 هەزار قوتابیمان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بۆ هات، بەڵام ئێستا ئەو ئامارە گەیشتووەتە 160 هەزار قوتابی کە تەنیا بۆ پۆلی یەکەم ناویان تۆمار کردووە، ئەگەر حیسابی بکەین هەر 30 قوتابی لە پۆلێکدا بێت، کە واتە تۆ پێویستت بە زیاتر لە 5 هەزار ژووری خوێندن هەیە و ئەگەر هەر بینایەکی قوتابخانەش 18 پۆل بێت، کەواتە پێویستیمان بە زیاتر لە 410 قوتابخانەی نوێ تەنیا بۆ پۆلی یەکەمەمی بنەڕەتی هەیە".
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی گوتیشی: "سەرەڕای ئەو هەموو گرفتە پەروەردەییانە و بوونی قوتابیی ئاوارە و پەنابەر و سەرەڕای ئەو هەموو هەنگاوانەی لە وباری پەروەردەدا هەڵگیراون، بەڵام بۆ ژێرخانی پەروەردە پێویتسیمان بە ملیارێک و نیو ملیۆن دۆلار هەیە، هەتا نەختێ لە گرفتەکان چارەسەر ببن".
باسنيوز
