یوسف محەمەد تا ئێستا ئۆتۆمبێلێکی لێکسزی پەرلەمانی کوردستانی نەداوەتەوە
بە نووسراوی فەرمیی دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە، تاوەکوو رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، ھەرچی کەلوپەل و موڵکی پەرلەمان، کە لە لایان ھەیە بیگەڕێننەوە بۆ ئیدارەی پەرلەمان و خانووەکانی گوندی ئیتاڵییش چۆڵ بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، زۆرینەی پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان خانوویان لە گوندی ئیتاڵی لە ھەولێر پێ دراوە، ھەندێ لە پەرلەمانتاران نەبێت، کە بە ھەر ھۆکارێک وەریان نەگرتووە، یان داویانەتە رێکخراوەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و نەخۆشە درێژخایەنەکان.
ھاوکات زیاتر لە حەوت پەرلەمانتاریش ئۆتۆمبێلی حکوومەتیان لایە و تاوەکوو ئێستا نەیانگەڕاندووەتەوە، بەڵام، ٢٠ی ئەم مانگە بەپێی یاسا دوا وادەیە بۆ گەڕاندنەوەیان.
سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، تەنیا حاڵەتی ئۆتۆمبێلی د. یوسف محەمەد جیاوازە لە پەرلەمانتارانی دیکە، کە لەلای خۆی ھێشتووەتەوە، چونکە یوسف محەمەد کە ئۆتۆمبێلێکی لێکسزی مۆدێل ٢٠١٢ی لەلایە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ دەستی کێشاوەتەوە و دواتریش وەکوو کاندید بەشداریی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ١٢ی ئەمساڵدا کردووە، سەرەڕای دەرچوون و سوێندخواردنیشی وەکوو پەرلەمانتاری عێراق، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلەی نەگەڕاندووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، یوسف محەمەد جگە لەو ئۆتۆمبێلە، چەندین پارچە چەک و تەقەمەنیی لە لایە، کە موڵکی پەرلەمانی کوردستانن، جگە لەوەش ١٣٠ ملیۆن دیناری، کە لەگەڵ رۆیشتنی لە پەرلەمان بۆ نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمان بردوویەتی، تا ئێستا ئەو پارەیە پاکتاوی ژمێریاریی خەرجکردنەکەی نەنێردراوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.
ھیوا نەسرەدین، بەڕێوبەری گشتیی دیوان لە پەرلەمانی کوردستان، بە وەکالەت، رای گەیاند، پەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە تا رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، ئەو موڵکانەی پەرلەمان کە لایانە بیگەڕێننەوە، بۆ ئەوەی ئامادە بکرێت بۆ خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان و بەربژێرە سەرکەوتووەکان.
گوتیشی: ”ھەموو موڵکێکیش کە پەرلەمانتاران وەریانگرتووە، لە خانووی گوندی ئیتاڵی، کە زۆربەیان لایانە، لەگەڵ ئۆتۆمبێل کە حەوت پەرلەمانتار لایەتی، ئەوە بەپێی یاسا موڵکی پەرلەمانی کوردستانە و دوای تەواوبوونی کارەکانیان دەبێت بیگەڕێننەوە بۆ پەرلەمان”.
لای خۆشیانەوە، حاجی کاروان، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، ئەگەر پەرلەمانتاری کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق خۆی کاندید بکات و دەربچێت، ئەوە دەبێت یەکسەر دەست لە کار بکێشێتەوە و ئیمتیازەکانی لاشی کە ھەیە، بۆ پەرلەمانی بگەڕێنێتەوە.
بەڵام، بەھار مەحموود، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا، کە پێشتر پەرلەمانتاری کوردستان بووە، رای گەیاند، تەنیا خانووەکەیان لایە کە پەرلەمان پێی داون، ئەویش لەپێش ئەو وادەیە چۆڵی دەکەن، گوتی: “با پەرلەمانیش ئەو مووچانەی لێی بڕیوین پێمان بداتەوە، ئێمە حەقمان بەسەر پەرلەمانەوە ماوە نەوەکوو ئەوان، پەرلەمان جگە لەو خانووە ھیچی دیکەی بە من نەداوە”.
لای خۆشیانەوە، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و کاندیدی دووبارەی سەرکەوتووی ئەو حزبە، رای گەیاند، ئەوان وەکوو فراکسیۆنی پارتی، یەکەم فراکسیۆن دەبن کە ھەموو پەرلەمانتارەکانیان پێش ئەو وادەیە، ھەرچی لایان بێت رادەستی دەکەنەوە، گوتی: “ئامادەکارییمان کردووە و ژمارەیەک خانوومان چۆڵ کردووە و ناگات بەو وادەیە ھیچ شتێک کە موڵکی پەرلەمان بێت لای پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەمان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان نامێنێتەوە، سەبارەت بە خۆشم کە دووبارە ئەو متمانەیەم پێ دراوەتەوە، ئەگەر خانووم پێ بدرێتەوە، بەدڵنیاییەوە بۆ کارێکی خێرخوازی ھەروەکوو ئەوەی پێشوو کە دامە رێکخراوێکی خێرخوازی، بەکاری دەھێنمەوە”.
باسنيوز
