لە پارێزگای دهۆك ژمارەیەک پۆستی باڵا بە مەسیحی و کوردانی ئێزدی دەدرێت
بێریڤان سالم، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، تا ئێستا پێنج بەڕێوەبەری گشتی لە دهۆک گۆڕدراون و حەوتی دیکەش دەگۆڕدرێن.
بێریڤان سالم هەروەها رایگەیاندووە، لە شوێنی حەوت بەڕێوەبەرە گشتییەی بەم زووانە دەگۆڕدرێن، جێگای هەردوو پێکهاتەی مەسیحی و ئێزدی دەکرێتەوە و بەشێک لە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەدرێن بە هاووڵاتییانی سەر بەو دوو ئاینە.
لە کوردستان، بە پێچەوانەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو ئاین و نەتەوەکان بە ئاشتییانە بەیەکەوە دەژین و بەشداریی خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتر دەکەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1992، لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون مامەڵە لەگەڵ هەموو ئاین و نەتەوەکان (ئیسلام، مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی، کورد و تورکمان و ...) دەکات و لە کوردستان هیچ جیاکارییەک لەنێوان ئەو پێکهاتانەدا ناکرێ.
باسنیوز
