شوان محەمەد: پێویستە حکوومەتی نوێ بە تەوافق پێکبهێنرێ نەوەک بە سایتی ئەلکترۆنی

	 شوان محەمەد: پێویستە حکوومەتی نوێ بە تەوافق پێکبهێنرێ نەوەک بە سایتی ئەلکترۆنی
بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا گوتی، پێویستە حکوومەتی نوێی عێراق بە تەوافقی لایەنەکان دروست بێت و پۆستەکان دابەش بکرێن، نەک لە ڕێگەی سایتێکی ئەلکترۆنی و ھەرکەسێک بیەوێت سیڤی پێشکەش بکات.

عادل عەبدولمەھدی ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێی عێراق دروست بکات و دەستی کردووە بە ھەوڵەکان، بۆ ئەو مەبەستەش سایتێکی داناوە و ھەرکەسێک بۆی ھەیە سیڤی خۆی بۆ ھەر پۆستێک لەو کابینەیە پێشکەش بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە پێویستە پۆستەکان بە تەوافقی لایەنەکان یەکلایی بکرێنەوە.

سەبارەت بە شێوازی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی نوێی عێراق لە لایەن عادل عەبدولمەھدییەوە، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، شوان محەمەد تەھا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "سەبارەت بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ئەو ڕێوشوێنەی عادل عەبدولمەھدی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق گرتوویەتییە بەر، کە دەیەوێت کەسەکان لە ڕێگەی سایتی ئەلکترۆنییەوە سیڤی بۆ پۆستەکان پێشکەش بکەن، ئەمە بابەتێکی نوێیە و تا ئێستا دیار نییە چۆن یەکلا دەبێتەوە، بۆیە بە ڕای من لەو کارەی سەرکەوتوو نابێت و کاتی زۆری پێویستە تا ھەموو پۆستەکان یەکلا دەبنەوە."

شوان محەمەد تەھا گوتیشی: "پێویستە پۆستەکان لە ڕێگەی تەوافقی لایەنەکانەوە یەکلایی بکرێنەوە نەک خەڵکانێک سیڤی خۆیان بۆ سایتێکی ئەلکترۆنی ڕەوانە بکەن و لەوێ کەسەکان بۆ پۆستەکان دیاری بکرێن، چونکە بە پێی قسەی ئەو بێت ھەر کەسێک بۆی ھەیە سیڤی بۆ ھەر پۆستێکی وەزاری پێشکەش بکات، ئینجا ئەو ھەموو سیڤییە تاوەکو یەکلایی دەکرێتەوە کاتی زۆر دەخایەنێت."

تەھا باسی لەوەش کرد: "بەوشێوەیەی عادل عەبدولمەھدی دەیەوێت حکوومەتی نوێ دروست بکات دیار نییە کە لەو کابینەیەدا پشکی کورد و سوننە و شیعە چەند دەبێت."

kdp-
Top