وەفیق سامەڕایی داوا دەکا وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە پارتی نەدرێت
ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی ١٠ی ٢٠١٨، وەفیق سامەڕایی، ڕاوێژکاری پێشووی تاڵەبانی کە بە دوژمنێکی سەرسەختی سەربەخۆیی کوردستان و مافەکانی گەلی کوردستان دادەندرێت، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) چەند داواکارییەکی نووسیوە بۆ ڕێگەگرتن لە دیاردەی بەبیابانبوون و ڕێگەگرتن لە پڕۆژەکانی دابەشکردنی عێراق.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بەشێکی گرنگە لە ڕەگەزە ستراتیژییەکانی ئاسایش و داوای کردووە بۆ ڕێگەگرتن لە بە بیابانکردنی مەبەستدار بەھۆی پڕۆژەی جۆراوجۆر و ھەروەھا بە بەھۆی گەندەڵیی ئیدارییەوە، پۆستی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان بە کەسێکی خەڵکی شاری بەسڕە، یان شارەکانی (میسان و ناسڕیە) بدرێت و بە گوتەی سامەڕایی، ئەو ناوچانە زۆرترین زیانیان بەھۆی کەمیی ئاوەوە بەر کەوتووە.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا وەفیق سامەڕایی کە دۆستی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرە و بەردەوام بە تیمە پاڵەوانەکەی تاڵەبانی وەسفیان دەکات، دەڵێت: “زۆر مەترسیدارە وەزیرێکی پارتی بۆ ئەو پۆستە دابنرێت، چونکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو کەسەی کە نەیھێشت کارکردن لە بەنداوەکانی (بێخمە و مەکحوول) دەست پێ بکاتەوە”.
وەفیق سامەڕایی بە باسکردنی ھەردوو بەنداوی بێخمە و مەکحوول و بەستنەوەی بە پڕۆژەکانی دابەشکردنی عێراق، ئەوە وەبیر دێنیتەوە کە ڕژێمی عێراق بە مەبەستی لەناوبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و جیاکردنەوەی چەند ناوچەیەکی کوردستان لە یەکتر، ئەو پڕۆژانەی دانابوو.
باسنيوز
