شاندێكی ئەڵمانیا، ستاییشی قوربانییەكانی گەلی كوردستان و پێشمەرگەیان كرد
پاولۆ براگانا، سەرۆكی شاندەكە، بە ناوی ڕێكخراوەكەیان سوپاس و ستاییشی قوربانییەكانی گەلی كوردستان و پێشمەرگەی كوردستانی كرد، كە لەبری جیهانی ئازاد گەورەترین و مەترسیدارترین ڕێكخراوی تێرۆریستیی جیهانی (داعش)ـی تێك شكاند و هاوكاری و پێشوازییان لە سەدان هەزار ئاوارەی شەڕ كردووە و كەمەنەتەوە ئایینییەكانی پاراستووە و كۆمەڵگایەكی ئازاد و فرەنەتەوەی بنیات ناوە، هەروەها پێكەوەژیانی ئاشتیانە و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان دابین كردووە و سیاسەتێكی سەركەوتووانەی لە ناوچەكەدا پەیڕەو كردووە بۆ ئاواكردنی كۆمەڵگایەكی ئازاد و شارستانی و فرەیی.
هەروا پیرۆزبایی سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. لە لایەكی تریشەوە ڕایگەیاند كە ڕێكخراوەكەیان هانی دامەزراوەكانی وڵاتەكەی دەدات تاوەكو بەردەوام بێت لە هاوكاری و پشتیوانیكردنی ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە و پرۆسەی دیمۆكراسی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا، كە ئەم هاوكاریانە دەبێت بەردەوام بن لە قۆناغی پۆست داعش و بۆ بنیاتنانی كوردستانی بەهێزتر لە ناوچەكەدا. هەروا ڕێكخراوەكەیان لە سەرەتای شەڕی داعشدا گوشاری خستبووە سەر حكوومەت و دامەزراوەكانی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ تاكو بە خێرایی هاوكاریی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە بكەن لە شەڕی بنبڕكردنی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆكی شاندەكە هەروەها ڕایگەیاند كە ڕێكخراوەكەیان لە پرۆگرامیدایە كە كۆنفرانسی پرسی كورد و پەرسپەكتیڤی چارەكردنی لە ئەڵمانیای فیدراڵ لەسەر پرسی كورد بە هاوكاریی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیای فیدراڵ ساز بكات و، پرسەكانی سیاسی و بەرگری و كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان لە كوردستان تاوتوو دەكەن و هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ پرسی كورد دەدەن و كەسایەتیی سیاسیی ناسراو لە ئەڵمانیا و شوێنەكانی تر بانگهێشتی كۆنفڕانسەكە دەكەن و دەرفەتێكی گرینگ دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی كۆمەڵگای ئەڵمانی و جیهانی باشتر ئاشنای پرسی كورد و كوردستان ببن و دەنگی كورد بگەیێنێت بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەورووپا و جیهان. هەروا ڕایگەیاند كە كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ ساڵی ٢٠١٩ دەبێتە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی و وڵاتەكەیان ڕۆڵی كاریگەرتر دەبینێت لە پرسەكانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەهێشتنی شەڕ و قەیرانەكان لە جیهاندا.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، سوپاسی هەوڵ و چالاكی و پشتیوانیی ڕێكخراوی ئەڵمانی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان كرد لە پرسی كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی تێكشكاندنی داعش لە كوردستان و ناوچەكەدا بە تایبەتی. هەروا سوپاس و ستاییشی هاوكاری و پشتیوانییەكانی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای فیدراڵی كرد لە هەرێمی كوردستان و لە شەڕی تیرۆر و بنبڕكردنی داعش و پشتیوانییەكانی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و ئاوارەكانی شەڕ و لە دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بەرز نرخاند. هەروا بە ناوی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پیرۆزبایی ٢٨ـەمین ساڵیادی یەكگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لە گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای فیدراڵی دۆست كرد.
سیوەیلی، بە شاندی ئەڵمانی ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بە هاوكاری و پشتیوانیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، قۆناغی سەختی بڕی و مەترسیدارترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی جیهانی لە كوردستان تێك شكاند، بەڵام قۆناغی دوای داعش مەترسیدارترە و مەترسییەكانی داعش هەر ماون و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە شەڕی ئایدیۆلۆژی و فكری و توندڕۆیی و ڕادیكاڵیی دینی كە هەڕەشەی بەردەوامن بۆ سەر كۆمەڵگای شارستانی و مرۆڤایەتی بە گشتی. هەر بۆیە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان لە پێناو بنیاتنانی هەرێمی كوردستان و گەشەپێدانی كۆمەڵگا و ئازادی و دیمۆكراسی و سەقامگیری و كولتووری پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا. كوردستان لە ڕوانگەی جیۆپۆلیتیكییەوە گرینگە و چاوەڕوانی هاوكاری و پشتیوانیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات بۆ هاوكاری و گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی و دیمۆكراسی. كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دەتوانێ لەسەر ئاستی یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ناتۆ و ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی تر، پشتیوانیی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكات.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، هۆشیار سیوەیلی ڕوانگەی پارتی دیموكراتی كوردستانی لەسەر سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە كوردستان و پشتگیریكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دامەزراندنی حكوومەتی تازەی بنكەفراوان لە عێراق و دامەزراندنی حكوومەتێكی بەهێز لە هەرێمی كوردستان، خستە ڕوو.
ڕێكخراوەی United Nations Association of Germany، تێدەكۆشی بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و نوێنەرایەتی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە نەتهوە یەكگرتووەكان، ئەڵمانیای فیدراڵ ڕۆڵێكی بەهێزتر ببینێت لە پشتگیریكردنی وڵاتەكەیان لە پڕۆژەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و پرسەكانی جیهانی و سیاسەتێكی باشتر پەیڕەو بكات لە پرسەكانی ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتی و لە چارەكردنی ناكۆكییە سیاسییەكان و شەڕ و قەیرانەكان و نەهێشتنی هەژاری و بەرزكردنەوەی گەشەی ئابووری و سنوورداركردنی فرۆشتنی چەك و نەهێشتنی توندوتیژی و ڕێگریكردن لە پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە ماف و ئازداییەكانی مرۆڤ و بەرەوپێشەوەبردنی پەروەردە و فێركردن و گەشەپێدانی ئابووری و گرینگیدان بە رێفۆرمەكان لە نێو ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، گرینگیدان بە پاك و خاوێنیی ژینگە، پشتگیریكردن لە پڕۆژەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگریكردن لە پاكتاوی ڕەگەزی و تاوانەكانی جەنگی و نەهێشتنی جیاوازیی نەتەوەیی و پێشێلكارییەكان بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ لە جیهاندا. لە پرۆگرامی ڕێكخراوەكەیشدایە كە كۆنفڕانسی پرسی كورد و پەرسپەكتیڤی چارەكردنی لە ئەڵمانیای فیدراڵ لەسەر پرسی كورد بە هاوكاریی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیای فیدراڵ ساز بكات.
kdp -
