بەوێنە.. پارێزگاری نوێی هەڵەبجە بە فەرمی دەستی بەکار کرد

 بەوێنە.. پارێزگاری نوێی هەڵەبجە بە فەرمی دەستی بەکار کرد
ئەمڕۆ دووشەممە(۸/۱۰/۲۰۱۸) ، لە بینای پارێزگای هەڵەبجە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە لە نێوان عەلی عوسمان و ئازاد تۆفیق ئەنجام درا و تێیدا ئازاد تۆفیق وەک پارێزگاری نوێی پارێزگای هەڵەبجە دەست بەکار بوو.

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرس و چالاکوان و کەسایەتییەکانی هەڵەبجە، لە بینای پارێزگای هەڵەبجە ڕێوڕەسمی ئاڵۆگۆڕی پۆستی پارێزگار لە نێوان عەلی عوسمان و ئازاد تۆفیق بەڕێوە چوو.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری نوێی هەڵەبجه لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی قەرزاری دەڤەری هەڵەبجە و شارەزووور و هەورامانن، بۆیە هەموومان خزمەتکاری ئەم دەڤەرەین، هیوادارم لە ئەرکەکەمدا سەرکەوتوو بم و بتوانم ڕووسوور و سەرفەراز بم".

هەڵەبجە لە ۱۳/۳/۲۰۱٤ کرایە پارێزگاو لە ۱/٦/۲۰۱٥ عەبدوڵا نەورۆڵی، لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان وەک یەکەمین پارێزگای هەڵەبجە دەست بەکار بوو، بەڵام لە ۲٥/۸/۲۰۱٦ بەهۆی پابەندبوون بە ڕێکەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی داوای بەخشینی لە پۆستەکەی کرد، لەو کاتیشەوە هەتا ئێستا لەلایەن عەلی عوسمان، کە جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بوو لەسەر پشکی یەکێتی بەوەکالەت بەڕێوە براوە و ئێستاش بە فەرمی "ئازاد تۆفیق" هەر لەسەر پشکی یەکێتی کرایە پارێزگاری هەڵەبجە.

بەپێی ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ، لەگەڵ دەست بەکاربوونی پاڕێزگاری نوێی هەڵەبجە لەسەر پشکی یەکێتی، هەریەک لە پۆستەکانی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە و قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە بەر بزووتنەوەی گۆران دەکەون و بەپێی زانیارییەکانیش بزووتنەوەی گۆڕا، شاهین حەمە ڕەزا، بۆ جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، حەمید بارام، بۆ قایمقامی ناوەندی هەڵەبجەی دیاری کردووە.









باسنيوز
Top