وەزارەتی دارایی لەبارەی جیاوازيی مووچەی مانگەکانی 2017 بڕیارێکی نوێی دەرکرد

 وەزارەتی دارایی لەبارەی جیاوازيی مووچەی مانگەکانی 2017 بڕیارێکی نوێی دەرکرد
وەزارەتی دارایی جیاوازی مووچەی مانگەکانی ساڵی 2017 دەداتەوە بە فەرمانبەران و بە گوێرەی بڕیارەکە، ئەمساڵ مانگانە ئەو جیاوازییە خەرج دەکرێت.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە واژۆی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە، بڕی پارەی خەرجنەکراوی مانگەکانی ساڵی (2017)ـی فەرمانبەران، کە خراوەتە سەر مووچەی مانگی 12ـی ھەمان ساڵ و پێیان نەدراوە، لەگەڵ مووچەی مانگەکانی داھاتووی ساڵی 2018، بۆ فەرمانبەران خەرج دەکرێتەوە.

لە بەشێکی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، کە رۆژی 4/10/2018 دەرچووە و ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاو کراوەتەوە، تێیدا ھاتووە: "بەھۆی پاشەکەوتکردنی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم (12)ـی ساڵی 2017 پێتان رادەگەیێنین، سەرجەم ئەو جیاوازی مووچانە بۆ مانگەکانی ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە و لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2017 بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران بەستراوە، خەرجبکرێتەوە بە لیستی جیا و لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگانە بە رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

یەکەم: بۆ دامودەزگاکانی مەڵبەندی:

بڕی جیاوازییەکە لە پاشکەوتی مووچەی مووچە خۆران خەرجبکرێتەوە کە لەلایەن گەنجینەی پەیوەندیدارەوە وەکو بارمتە تۆمار کراوە.

دووەم: بۆ دامودەزگاکانی نا مەڵبەندی:

بڕی جیاوازییەکە لە پاشکەوتی مووچەخۆران خەرجبکرێتەوە کە بە بارمتە دانراوە بە بەڵگەنامەی خەرجکردن و بە مەرجێک لەسەر بوودجەی ساڵی 2017 جێگیر کرابێت.

سێیەم: ئەم رێنماییە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێ دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.




باسنیوز
Top