ئەمساڵ لە ھەولێر ١٧ پڕۆژەی وەبەرهێنان جێبەجێ كراون
سەبارەت بە جموجۆڵی وەبەرھێنان لە سنووری شاری ھەولێر، سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەمساڵدا جموجۆڵ بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان زۆر زیادی كردووە و تا ئێستا ١٧پڕۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە و دەستیان بەپڕۆژەی وەبەرھێنان كردووە، كە پڕۆژەكانیش جۆراوجۆرن لە بواری بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری و وەرزشی و، تێچووی پڕۆژەكانیش ٤٤١ملیۆن و ٩٠٠ھەزار دۆلارە و رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ ١٠پڕۆژەی دیكەیش ئەنجام بدرێن".
عارەب گوتیشی: "٣٠٠ كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەبەرھێنان لە سنووری ھەولێر ئەنجام بدەن، كە كۆمپانیای ناوخۆیی و ئیماڕاتی و ئەورووپایی و توركیایی تێدان و دەیانەوێت لە بواری بازرگانی و گەشتیاری و پیشەسازی و وەرزشیدا پڕۆژە ئەنجام بدەن، ئێمەیش ئێستا سەرقاڵی راییكردنی كاری پێدانی مۆڵەتین بەو پڕۆژانەی كە كۆمپانیاكان پێشكەشیان كردوون".
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، ٧٠پڕۆژەی راگیراو ھەبوون بە ھۆی قەیرانی داراییەوە، كە ٦٠%ـی ئەو پڕۆژانە دەستیان پێ كردووەتەوە و٢٠%ی كێشەی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار ھەیە و٢٠%یش پڕۆژەكانیان لێ وەرگیراوەتەوە، كە ١٣پڕۆژەن و دەدرێنەوە بە وەبەرھێنەری دیكە بۆ ئەوەی تەواوی بكەن.
دەشڵێ، ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ئێستادا بەراورد بە ڕابردوو زۆر باشە و رۆژ بەرۆژ بەرەو باشتریش دەچێت، چونكە دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باشتر بووە و خەریكە قەیرانی دارایی چارە دەبێت.
kfp-
