سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەکگۆرک کۆبووەوە

 سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەکگۆرک کۆبووەوە
سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە کۆبوونەوە لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دەربڕی.

کەمێک لەمەوبەر، سەرۆک بارزانی لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردەوە، خۆشحاڵ بوون بە دیدار لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵی لە دژی داعش و دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق.

سەرۆک بارزانی ئاشکرای کردووە کە لە کۆبوونەوەکەیاندا باسی دوا پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە.

هاوکات بارەگای سەرۆک بارزانی، لە راگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە، کە سەرۆک بارزانی، لەگەڵ هەر یەک لە بڕێت مەكگورگ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوو لە دۆگڵاس سڵیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ستیڤ فاگین كونسوڵی ئەمەریكا لە شاری هەولێر کۆبوویتەوە.

بەپێی راگەیاندراوێکی بارەگای سەرۆک بارزانی، لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش، پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان کرد و ئەو سەركەوتنەی بە گرنگ وەسف كرد، جەختی لە ڕۆڵ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كردەوە.











باسنيوز
Top