12 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت

 12 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپە پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت
داواكاری گشتیی ئەنقەرە، داوا دەكات پارێزبەندی لەسەر 12 ئەندام پەرلەمانی هەدەپە هەڵبگیرێت و تۆمەتی پروپاگندە بۆ تیرۆری داونەتە پاڵ، هەروەها داوا دەكات دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی ئەو ئەندام پەرلەمانانە دادگایی بكرێن.

ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، داواكاری گشتیی ئەنقەرە دۆسیەیەكی تایبەتی لەسەر 12 ئەندام پەرلەمانی هەدەپە و 3 ئەندام پەرلەمانی جەهەپە ئامادە كردووە و داوا دەكەن پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت، بەڵام 3 ئەندام پەرلەمانەكەی جەهەپە بە تۆمەتی ئەوەی سووكایەتییان بە سەركۆماری توركیا كردووە، بۆیە داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لێ دەكەن.

ئەو ئەندام پەرلەمانانەی هەدەپە كە داوا دەكرێت پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت ئەمامەن (ئەیهان بیلگەن، ئایشە ئاجار باشەران، عەلی جان ئۆنلو، بەردان ئۆزتورك، بەدیعە ئۆزگۆكچە، فەلەكناس وجە، فیلیز كەرەستەجی، كەمال بولبوول، مەرال دانش، ئیمام تاشجیگەر، نیعمەتوڵڵا ئەردۆغمووش، پەروین بوڵدان). هەموو ئەو ئەندام پەرلەمانانەش تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ كە لە میتینگەكانیاندا پروپاگندەیان بۆ پەكەكە كردوە.

بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو ئەندام پەرلەمانانە، پێویستە داواكاری گشتی داوایەك بەرز بكاتەوە بۆ سەرۆكایەتیی دیوانی پەرلەمان، پاشان پەرلەمان ئەو داوایە بە نووسراوێكی فەرمی بۆ وەزارەتی داد بەرز دەكاتەوە و، وەزارەتی دادیش بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدات.











باسنيوز
Top