بڕیارێکی بەغدا چارەنووسی زیاتر لە ٢ هەزار قوتابیی نادیار کردووە
سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوەژیانی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، بەرەکات شەمۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی دەرکردووە بۆ ئەو نوێنەرایەتییانەی لە ھەرێمی کوردستان؛ لە ھەولێر ودھۆک ھەن بۆ ڕاییکردنی کاروباری قوتابییانی ئاوارە کە لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان دەخوێنن، پێویستە دابخرێن و ماموستا و قوتابییەکان بگەڕێنەوە بۆ مووسڵ و داوایشی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی عێراق کردووە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات."
بەرەکات شەمۆ گوتیشی: "ئەو قوتابییانەی لە ھەرێمی کوردستان لە زانکۆکان دەخوێنن زیاتر ھی کەمەنەتەوەکانن و پێکھاتەکانی ئێزدی و مەسیحی و ئەوانەی دیکەن و تا ئێستاش خێزانەکانیان ئاوارەن، یان لە دەشتی نەینەوان، بۆیە ناتوانن بچنەوە مووسڵ و درێژە بە خوێندن بدەن، چونکە ناتوانن ھاتوچۆ بکەن و بەشی ناوخۆییش نییە کە لێی بمێننەوە، بۆیە ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت تووشی گرفتی زۆر دەبن و مەترسی لەسەر فەوتانی ئەمساڵی خوێندنیان ھەیە."
شەمۆ باسی لەوەش کرد: "ھەرێمی کوردستان ھیچ لارییەکی نییە لەوەی ئەو قوتابییانە لە ھەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندنیان بدەن، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕازی نییە و ھاوکاریشیان ناکات بۆ ئەوەی بتوانن لە مووسڵ درێژە بە خوێندنیان بدەن."
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە پەرلەمانی عێراق یادداشتێکی داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت، چونکە قوتابییان ناتوانن لە مووسڵ بخوێنن بە ھۆی نەبوونی توانای ماددی و ھاتوچۆکردن بۆ مووسڵ و نەبوونی ئەمنییەت لەو شارەدا.
لە یادداشتەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئەوەش خراوەتە ڕوو: "زۆرینەی قوتابییان لە مووسڵ ماڵەکانیان لەدەست داوە و ئێستا لە ھەرێمی کوردستان بە ئاوارەیی دەژین و لە ناو مووسڵیش بەشی ناوخۆیی نییە تا بتوانن تێیدا بمێننەوە."
هەر لەو یادداشتەدا باس لەوەش کراوە: "ژمارەی ئەو قوتابییانەی لە ھەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن دەدەن ٢ ھەزار و ٢٠٠ قوتابییە، کە ھەموویان لە ترسی داعش ئاوارە بوون و زۆرێک لەوانەش بە لایەنی کەمەوە کەسێکیان لەدەست داوە، بۆیە داواکارین ئەو بڕیارەی دراوە جێبەجێ نەکرێت.
kdp -
