وەزارەتی کارەبا روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە بەرنامەی پێدانی كارەبا بڵاو کردەوە

 وەزارەتی کارەبا روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە بەرنامەی پێدانی كارەبا بڵاو کردەوە
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بەرنامەی پێدانی کارەبا بڵاو کردەوە.

وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە بەرنامەی پێدانی کارەبار ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "وەزارەتی كارەبا بەپێویستی دەزانێت روونكردنەوەیەك سەبارەت بەدۆخی كارەبا و ماوەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی لەم وەرزەدا بڵاوبكاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولدا سەرەڕای سنووردارێتی سەرچاوەی دارایی و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماو هەڵكشانی خواستی بەكارهێنانی كارەبا توانرا بە پشتبەستن بەبەرنامەیەكی تۆكمە بە تێكڕا 15 كاتژمێر كارەبا بدرێت و دواتریش بەهەماهەنگی لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەكان سەرجەم كاتژمێرەكانی كارەبا بۆهاووڵاتییان دابین بكرێت".

وەزارەتی کارەبا ڕوونیشی کردووەتەوە، "ئێستا ماوەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەبێت هەروەكو پێشتر ئاماژەمان پێدابوو كە لەكۆتایی مانگی ئەیلوول و مانگی تشرینی یەكەم بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرماو كەمبوونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا دەتوانرێت ماوەكانی پێدانی كارەبا بۆ 19-21 كاتژمێر بەرزبكرێتەوە".

لە ڕوونکردنەوەکەدا وەزارەتی کارەبا هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە كە زیادبوون یاخود كەمبوونەوەی ماوەكانی پێدانی كارەبا هیچ پەیوەندی بە مەراسیم و بۆنەو یادەكانەوە نییە تاوەكو هەندێك كەناڵی راگەیاندن پروپاگەندەی وا بڵاوبكەنەوە كە گوایە بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدانەوە ماوەكانی پێدانی كارەبا زیادبووە، بۆ سەلماندنی ئەم راستیەش هەموو داتاكانی ساڵانی پێشوو دەریدەخەن كە لەم وەرزەدا خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا دادەبەزێت و بەو هۆیەوە كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەبێت.










باسنيوز
Top