بەشیر حەداد: هەوڵ بۆ کۆبوونەوەی فراکیسۆنە کوردستانییەکان دەدەین
د.بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: "ئەو چەند کاتژمێرەی ماومانە هەوڵەکانی خۆمان چڕ دەکەینەوە و داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین بۆ ئەوەی بێن بە پیری بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی و پشتگیرییەکەی هێرۆ خان بۆ بەستنی کۆبوونەوەیەک و دەربڕینی بۆچوونیان لەسەر دوو کاندیدەکە، ئەمەش بۆ ئەوەی بۆ خۆیان ئاسانکاری بێت، هەم لەلای دۆستەکانیشمان ئیحراج نەبین".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دۆستەکانمان پێیان ڕاگەیاندووین کە ئیحراجن دوو کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەبینن، چونکە وامان بینیوە هەمیشە کورد لە بابەتە نەتەوەیی چارەنووسسازەکاندا یەکدەنگ بووە، بۆیە باشتر وایە ئێمە لە بابەتە چارەنووسسازەکاندا یەکدەنگ بین، لەبەر ئەوەی ئەوە خاڵی هێزە بۆ ئێمە، با دیدی دۆستەکانمان بە شێوەیەکی نەرێنی نەگۆڕین".
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستە ڕوو: "تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە کە کۆبوونەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێمە هەوڵەکانی خۆمان چڕ دەکەینەوە".
باسنيوز
