پەیامنێرێکی KNN: لەو قوتابخانەیەی قوباد تاڵەبانی دەنگی دا ئاسایشی یەکێتی لێیان دام
بڕیار نامیق، پەیامنێری کەناڵی فەرمیی گۆڕان ڕايگەیاند، دوێنێ یەکشەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨، نزیکەی ٢٠ کارمەندی ئاسایش بە جلی مەدەنی، ھاتبوون دەنگ بدەن لەو بنکەیە بدەن کە تیمەکەی ئەوانی تێدا بوو، بەڵام ”ئەوانەی لە بنکەکە بوون، ڕێگەیان نەدەدا دەنگ بدەن، ئەو کەسانە رەگەزنامەکانیان نوێ بوو و ناسنامەشیان لا نەبوو، بەو ھۆیەوە دوای کاتژمێر و نیوێک، بنکەکە داخرا و بوو بە ئاژاوە“.
بڕیار نامیق ئاشکرای کرد کە ستافەکەی خۆی لە ڕێگەی دەرگایەکی لابەلاوە ڕزگار کردووە، بەڵام ”پەلاماری خۆمیان دا، سەیرەکە لەوەدایە ئەو قوباد تاڵەبانییە لەھەموو بانگەشەکاندا دەیگوت ئارامی و بەتایبەت باسی ئارامی بۆ سلێمانی دەکرد، لەو قوتابخانەیەی ئەو دەنگی تێدا دا، ئاسایشەکانی سەر بە وەستا حەسەنی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، پەلاماری منیان دا“.
ئەو پەیامنێرەی کەناڵی KNN باسی لەوە کرد کە بەھۆی لێدانەکەوە ئازار بەر دەستێکی کەوتووە و ئێستاش دەستی پێچراوە. گوتیشی: ”ئەوان دەمانچەیان بەدەستەوە بوو، دەستیان ڕاکێشام و ئازارم پێ گەیشت، من نازانم لە کەسی دیکە دراوە یان نا، تەنیا ئاگام لەخۆم بوو“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پەلاماردانەکەی بە بەڵگەی ڤیدیۆ لەلای خۆی پاراستووە.
باسنيوز
