دوو پسپۆڕی عێراقی: دەنگدانی تایبەت لە کوردستان بە پاکی بەڕێوە چوو
دکتۆر ئەنەس ئەلعەزاوی، کۆمسیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی بە (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، پرۆسەی دەنگدان لە هەولێر و دەوروبەری زۆر بە وردی ئەنجام دراوە و هیچ سکاڵایەکی شایانی باس تۆمار نەکراوە.
ئەنەس ئەلعەزاوی هەروەها رایگەیاندووە، تیمەکانی کۆمسیۆنی عێراق، کە چاودێریی هەڵبژاردنی 30ـی ئەیلوولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، هیچ سکاڵایەک و حاڵەتێکی ساختەکارییان لە دەنگدانی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکردووە.
هەروەها سامر شەمەری، کۆمسیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رۆژنامەکەی رایگەیاندووە، ئەو هەواڵانەی باس لە گوشارخستنە سەر دەنگدەران دەکەن، دوورن لە راستییەوە.
سامر شەمەری هەروەها رایگەیاندووە، دەنگدەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بە ئازادی و گوڕوتینەوە نۆرەیان بۆ دەنگدان گرتبوو و هیچ گوشارێکیان لەسەر نەبوو.
رۆژی هەینی 28/9/2018، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو و هەروەک کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 30ـی ئەیلوولی 2018 (سبەی)، پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
