گۆڕان: هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش بە زۆرەملێ دەنگیان بە یەکێتی داوە

 گۆڕان: هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش بە زۆرەملێ دەنگیان بە یەکێتی داوە
بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ”فرتوفیڵی“ لە دەنگدانی تایبەتدا کردووە و ھێزەکانی ناوخۆ و ئاسایشی ناچار کردووە ”بە زۆرەملێ“ دەنگ بە لیستی یەکێتی بدەن.

نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لە ساختەکاریی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ئاشکرای کرد: ”لە سنووری پارێزگای سلێمانی یەکێتی چەندین پێشێلکاریی جۆراوجۆری کردووە کە بەداخەوە دوورە لە ھەموو بنەمایەکی دیموکراسی و ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "یەکێتی جگە لەوەی دەستکاریی ناوەکانی کردووە، بە شێوەیەکی نادیموکراسی و دوور لە رێکارە یاساییەکانی کۆمسیۆن، کۆمەڵێک خەڵکی لە سنووری گەرمیان نەقڵ کردووە بۆ سنووری چەمچەماڵ، ھەروەھا کۆمەڵێک خەڵکی دیکەی لە چەمچەماڵ و کەلارەوە هێناوە بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی بەشداریی پڕۆسەی دەنگدان بکەن، دواتر لە ژووری دەنگدان پێشێلکاری ڕوویداوە و لە دەرەوەی بنکەکانی دەنگدان ئامر لیوا و ئامر فەوج دەستێوەردانی ھەڵبژاردنەکەیان کردووە و فشاریان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ درووست کردووە بۆ ئەوەی دەنگ بە یەکێتی بدەن".

ئەو سەرکردەیەی گۆڕان نەیشاردەوە کە یەکێتی ھەمیشە پێشێلکاری لە سلێمانیدا کردووە و لە دەنگدانی تایبەتدا ”فرتوفێڵی کردووە“، چونکە ”ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگەی قارەمان و ھێزی چەکدار تەلەفۆنیان بۆ ئێمە کردووە و پێیان گووتوین، فشارمان بۆ درووست کراوە و سوێند دراوین بۆ ئەوەی دەنگ بە یەکێـی بدەین، بێگومان ئەوەش مانای ئەوەیە یەکێتی لە پڕۆسەی دەنگدانێکی دیموکراسی دەترسێت".










باسنيوز
Top