هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی: پشتگیریی كانديدەكەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەكەین كە فوئاد حوسێن-ه

هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی: پشتگیریی كانديدەكەی  سەرۆک مەسعود بارزانی دەكەین كە فوئاد حوسێن-ه
هاوپەیمانییەکی عێراقی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە رایدەگەیەنێت، کە پشتگیریی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی دەکەن.



بەپێی بەیاننامەیەکی هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی، کە رۆژی شەممە 29/9/2018 بڵاو کراوەتەوە و وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، یەکهەڵوێستیی ”برا کوردەکان“ گرنگیی خۆی هەیە و ئەوان چاوەڕێی ”حیکمەتی“ هێزە کوردستانییەکان بۆ کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن.



هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی لە بەیاننامەکەدا پشتگیریی خۆی بۆ هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نیشان داوە.



ئەو هاوپەیمانییە، کە لایەنەکانی لە پێکهاتەی سوننەمەزهەبی عێراقین، داوا لە لایەنە عێراقییەکان دەکات پابەندی دابەشکارییە دەستوورییەکان و کاتە دەستوورییەکانی پێکهێنانی حکوومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بن.



رۆژی هەینی سەرۆک بارزانی رایگەیاند، کە ”ئەمڕۆ هەینی 28ـی 9ـی 2018 لەسەر داوای خۆی و بۆ پرس و ڕا لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار، بەڕێز د. بەرهەم ساڵح سەردانی كردین“.



لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی پێی باش بوو فراکسیۆنە کوردستانییەکان کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق دیاری بکەن و ”هەر بەڕێزێك دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی لایەنە كوردستانییەكانی بەدەستهێنا وەك كاندیدی كوردستان بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار دیاری بكرێت“.



پێشتریش لەیس دلێمی، گوتەبێژی میحوەری وەتەنی ئاماژەی بەوە کرد بوو، کە هاوپەیمانییەکەیان دەنگ بە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدات.



پارتی بە فەرمی فواد حوسێنی وەک کاندیدی حزبەکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق راگەیاند و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی پارتی، بەرهەم ساڵحی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، کاندید کردووە.



لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی و فوئاد مەعسوم، یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێوە دەبەن.



ھەرچەندە ئەرکی سەرۆک کۆمار چاودێریکردنی جێبەجێکردنی دەستووری وڵاتە، بەڵام ئەو دوو سەرۆک کۆمارە نەیانتوانی گوشار بخەنە سەر حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی گرنگترین بڕگەی ئەو دەستوورە بۆ گەلی کوردستان، کە بریتییە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیسدارەی ھەرێمی کوردستان.



بەپێی تەوافوقی سیاسیی عێراق، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە پەیڕەو دەکرێ، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ کوردە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکھاتەی عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ پێکھاتەی عەرەبی شیعەیە.


باسنيوز






Top