عەللاوی: هۆشیار زێباری لە هەموو ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بوو
رۆژی چوارشەممە 28ـی ئەیلوولی 2016، ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتیمانی و سەرۆکی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتیمانیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە هاوپەیمانێتیی نێوان بزووتنەوەی ویفاقی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەبێت، بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسیی وڵات.
ئەیاد عەللاوی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی هۆشیار زێباری، وەزیری لەسەر کار لادراوی دارایی عێراق لە بەرەوپێش بردنی کەرتی دارایی عێراق داوە و رایگەیاندووە، زێبای لە ئیدارەکردنی وەزارەتەکەی و گفتوگۆکانی لەگەڵ سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی سەرکەوتوو بوو و کاری خۆی بەشێوەیەکی نایاب دەکرد.
سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراقی هەروەها رایگەیاندووە، کە زێباری هێمایەک بوو لە هێماکانی دژایەتیکردنی دیکتاتۆرییەت و لە وەزارەتی دەرەوەش زۆر سەرکەوتوو بوو.
رۆژی چوارشەممە 21ـی ئەیلوولی 2016ـی پەرلەمانتارانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ متمانەیان لە زێباری وەرگرتەوە.
باسنیوز
