ئێزدییەکان داوا لە پەکەکە دەکەن شنگال جێ بهێڵن

 ئێزدییەکان داوا لە پەکەکە دەکەن شنگال جێ بهێڵن
پیاوانی ئایینی و کەسایەتییە ئێزدییەکان داوا دەکەن، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، شنگال چۆڵ بکات و ڕێگا بدات خەڵکی شارەکە بۆ سەر زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (28\9\2016)، لە مەزاری (میر شەرەفەددین) کە یەکێکە لە مەزارە پیرۆزەکانی ئێزدییان، ئەنجومەنی ڕۆحانی و کەسایەتییە دیارەکانی ئێزدیان کۆبوونەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، داوا لە هێزەکانی پەکەکە کرا، لە چیای شنگال بکشێنەوە.

لەو کۆنگرەیەدا ئاماژەیان بەوە کرد کە چیای شنگال پیرۆزیی خۆی هەیە و هێمای شەرەف و بەرخۆدانە، بۆیە رێگانادەن پارتەکانی نزیک لە پەکەکە و ئەو گرووپانەی لە شنگال دروستیان کردووە، “بیکەن بە قەندیلی دووەم”.

لەم بارەوە، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەوەی خستەڕوو: “ئێزدییەکان لە هێزە داگیرکارەکانیان قەبووڵ نەکردووە خاکیان داگیر بکەن، ئێستاش لەو هێزە قەبووڵ ناکەن و ناشیانەوێ شنگال بکرێت بە قەندیلێکی دیکە”.

داواشی لە حکوومەتی عێراق کرد، هەوڵی ئەوە نەدات، پێکهاتەی شەنگال بشێوێنێت، ئەویش بە دروستکردنی حەشدی شەعبی و هاوکاریی پەکەکە دۆخی ناوچەکە ئاڵۆز بکات. گوتیشی: “دەبێت حکوومەتی عێراق لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال هاوکار بێت”.














باسنيوز
Top