توێژەرێکی سیاسی: حزبەکان هەزاران بندیواریان هەیە و دژی گەندەڵی خۆپیشاندان دەکەن

توێژەرێکی سیاسی: حزبەکان هەزاران بندیواریان هەیە و دژی گەندەڵی خۆپیشاندان دەکەن
توێژەرێکی سیاسی بە توندی ڕەخنە لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت، بەوەی لە حکوومەتدان و خۆپیشاندان دژی حکوومەت دەکەن.



سۆران سێوکانی، توێژەری سیاسی، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسینێکی بە ناوی (کێ ئەخەڵەتێنن؟) بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە: ”حزبەکان بە ئیسلامی و عەلمانییەوە، سەدان و هەزاران بندیواری شەرعێنراویان هەیە، کەچی دژی گەندەڵی خۆپیشاندان دەکەن“. لەبارەی لایەنە ئیسلامییەکانیشەوە نووسیویەتی: ”کۆمەڵ هەر هێندی ماوە ئیعلانی جیهاد بکات دژی حکوومەت، کەچی قاچی گۆ ناکات لە حکوومەت پاشەکشە بکات. یەکگرتووش لەبادینان و هەولێر دەستەونەزەر بۆ پارتی وەستاوە، کەچی لێرە لەگەڵ خۆپیشاندانە“.



لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا، سێوکانی ڕەخنەی لە پەرلەمانتارانی گۆڕان گرتووە و نووسیویەتی: ”وەزیر و پەرلەمانتارەکانی گۆڕان تائێستاش مووچەی حکومەت وەردەگرن، کەچی دەڵێی کوڕی گیڤاران، قسەفڕێ دەدەن. عەلی حەمە ساڵح و سۆران عومەریش هەموو کارتەکانی دەستیان سووتاوە، ئێستاش مانگانە ملیۆنان دینار لەو حکوومەتە وەردەگرن، کەچی دەڵێی بووکەلەن، لە هەموو شوێنێک هەن“.



لە کۆتاییشدا ئەو نووسەرە دەڵێت: “لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە، پارتیش پشتیوانی خۆپیشاندەرانە”.



ئەم نووسینە دوای ئەوە هات کە دوێنێ سێشەممە 27\9\2016، لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕانیە، خۆپیشاندانی ناڕەزایی هاووڵاتییان لە دژی دواکەوتنی مووچە ئەنجام درا.








باسنیوز
Top