وەزارەتی پەروەردە: سوپاسی مامۆستایان دەکەین

وەزارەتی پەروەردە: سوپاسی مامۆستایان دەکەین
وەزارەتی پەروردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا، سوپاسی مامۆستایان دەکات، روونیکردۆتەوە هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم شەو راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە وێنەیەکی دەست "وشە"کەوتووە، تێیدا هاتووە، " بە پێویستى دەزانین سوپاسى هەڵوێستى بەرزى مامۆستایانى بەڕێز بکەین کە وەک مافێکى سرووشتى خۆیان و لەگەڵ چین و توێژەکانى دیکە و بەشێوەیەکى شارستانى و بۆ داواکردنى مافەکانیان، بەشدارى خۆپیشاندانەکانیان کرد و رێگەیان نەدا هیچ هەڵوێستێکى سیاسى و دەستێکى مەبەستدار تێکەڵ بە داخەوازییە رەواکانیان بێت".
لە درێژەدا هاتووە: "وەزارەتی پەروەردە هەست بە ئێش و ئازار و قورسایی ژیانى مامۆستایان دەکات، بۆیەش بەردەوام هەوڵى جێبەجێکردنى داخوازییەکانی ئەو توێژە بەرفراوانەى کۆمەڵگەى داوە، هەر وەک چۆن ساڵى رابردوو و زیاتر لە چوارجار کۆبوونەوەى لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک و جێگرى ئەنجوومەنى وەزیران رێکخست کە تیایدا یەکێتى مامۆستایان و نوێنەرى مامۆستایان و رێکخراوەکان بەشدارییان کرد و دواجار لە (20-9-2016)ى زایینى چەندین پێشنیارى دیکەى تایبەت بە ژیانى مامۆستایانی داوەتە سەرۆکایەتى حکومەت تا بە پێى واقعى سەختى دارایی هەرێم چارەسەر بدۆزرێتەوە کە دڵنیاین حکومەتى هەرێم ئەوەى لە توانایدا بێت دریغى ناکات".

روونیکردۆتەوە "دواخستنى دەستپێکى دەوام بۆ رێکەوتى (1-10-2016)ى زایینى، لەسەر داواى ژمارەیەک لە بەرپرسانى کارگێڕى و پەروەردەى سنوورى پارێزگاى سلێمانى بووە، چونکە نەدەکرا ئەمڕۆ خۆپێشاندان و دەستپێکى دەوامی فەرمى خوێندن پێکەوە ئەنجام بدرێن و ئەم بڕیارەش بۆ پاراستنى بەرژەوەندى گشتى دراوە".
Top