مینا سامی: نابێت پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەن دژی حكوومەت دروشم بەرز بكەنەوە

 	 مینا سامی: نابێت پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەن دژی حكوومەت دروشم بەرز بكەنەوە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی پارتی پێی وایە، نابێت ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە دروشم دژی حكوومەت بەرز بكەنەوە، چونكە بەشێكن لە حكوومەت.

مینا سامی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند: "لەسەر ئاستی باڵا پارتی پشتگیری خۆپیشاندانی كردووە و ئێمەش لە فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وێڕای پشتگیری لە خۆپیشاندەران داواش لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە و بەپێی توانا داواكاریەكەیان جێبەجێ بكات، چونكە داوای مافی یاسایی خۆیان دەكەن."

سامی گوتیشی: "ئەمڕۆ خۆپیشاندانی سلێمانی لە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوە چوون زۆرێك لە ئەندامان و سەرۆكی ئەنجوومەن چوونە نێو خۆپیشاندەران، بەڵام وەك فراكسیۆنی پارتی بەشدار نەبووین، چونكە ئەندامی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا بەشێكە لە حكوومەت ناكرێت ئێمە حكوومەت بین و لە ڕیزی خۆپیشاندەرانیشەوە دروشم دژی حكوومەت بەرز بكەینەوە!"
PDK-
Top