سەنتەری میترۆ: 19 پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەڤانان تۆماركراوە
رۆژی سێشەممە 27-9-2016 سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەڤانان لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا: "19 حاڵهتی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەڤانان روویداوە، سەنتەری میترۆ رواڵەتەكانی تووندوتیژی بەرامبەر بە پەیامنێر و وێنەگرانی كەناڵەكانی راگەیاندن شەرمەزار دەكات و داواش لە هێزە ئەمنییەكان دەكات نەبنە بەشێك لە ململانێ سیاسی و رێز لەكاری رۆژنامەنووسان بگیرێت".
لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكەدا سەنتەری میترۆ دەڵێت: "بەداخەوە لە هەموو چالاكییەكی مەدەنی خەڵك، رۆژنامەنووسان و كەرەسەكانی كاری میدیاكاران دەكرێنە ئامانج و هێزە ئەمنییەكان لە بری پاراستنی رۆژنامەنووسان، بەربەست دەخاتە بەردەم روماڵكردنی هەواڵی خۆپیشاندەران".
لە راگەیێندراوەكەدا سەنتەری میتڕۆ ئاماژە بە دەستگیركردنی تیمی رووداو لە رانییە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان دەكات و دەڵێت: "سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو رایگەیاندووە لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە جگە لە رێگریكردن لە رووماڵكردنی خۆپیشاندانەكان، هێرشكرایە سەر كامێرامانەكەمان و ئازاریان پێگەیاند كامێرایان لە ئەحمەد عومەر كامێرامانی رووداو سەند و دواتر لێیانداو ئازاریان پێگەیاند".
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەڤانان رێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەڕاستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لەلایەن، كۆمەڵێك رۆژنامەڤان پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی فەرمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە.
رووداو
